ئەنجامی رووپێوی دامەزراوە زۆربچووک، بچووک و مامناوەندەکانی کوردستان راگەیەندرا

رێژەی بەکارهێنانی مۆبایل وەک تەکنەلۆژیا لەو دامەزراوانەدا ٦٢٪ بووە
دارا رەشید وەزیری پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامەکانی رووپێوەکە قسەدەکات
دارا رەشید وەزیری پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامەکانی رووپێوەکە قسەدەکات

K24 – هەولێر

بەپێی ئەو رووپێوەی لەلایەن دەستەی ئاماری کوردستانەوە لەبارەی دامەزراوە ئابوورییە زۆربچووک، بچووک و مامناوەندکان کراوە، رێژەی بوونی دەرچووانی زانکۆ لەو دامەزراوانەدا بە ١٠٪ و رێژەی کاری کەملێهاتوو بە ٤٢٪ مەزندە دەکرێت.

دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری بەرنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان، رووپێوێکیان لەبارەی دامەزراوە ئابوورییە زۆربچووک، بچووک و مامناوەندکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەنجامداوە و ئەمڕۆ (پێنجشەممە ٨ـی کانوونی یەکەم) ئەنجامەکە لە شاری هەولێر راگەیەندرا.

لەو رووپێوەدا ٢٠١٦ دامەزراوە وەک نموونە وەرگیراوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە. ئەو دامەزراوانە ٣٨١٢ کارمەندیان هەبووە.

بە پێی رووپێوەکە، زۆربەی دامەزراوەکان لە سێ کەرتدا چڕکراونەتەوە، بازرگانی تاک و کۆ ٣٢٪، گواستنەوە و کۆگا ١٦٪ و راوەماسی ١٥٪ .

دیارترین ئاڵنگارییەکانی ئەو دامەزراوانە بەم شێوەیەن:

٦١٪ـی دامەزراوەکانی زۆربچووک، بچووک و مامناوەند کێشەیان لە دامەزراندنی کارەکانیان هەبووە.

رێژەی دەرچووانی زانکۆ زۆر کەمبوو، بە جۆرێک بە کەمتر لە ١٠٪ هەژمارکراوە.

رێژەی هێزی کاری کەملێهاتووە بە ٤٢٪ مەزندە دەکرێت.

کارمەندانی کارگێڕی بە رێژەی ٢٦٪ و کارمەندانی سەرچاوە مرۆییەکان و ئایتی، کەمترین رێژەیان هەیە.

٦٦٪ لە دامەزراندن، لە رێگەی ناسیاوی و پەیوەندییە کەسییەکانەوە بووە.

٥٣٪ لە ئافرەتانی وەرگیراو لە رووپێوەکە، رایانگەیاندووە کە سەختی زۆر لە کاتی دامەزراندنی کارەکانیان هەیە.

٤٨٪ـی ئافرەتانی وەرگیراو لە رووپێو رایانگەیاندووە، بە بەراورد بە پیاوان، وەرگرتنی پارە لە بانک بۆیان زۆر زەحمەتە.

ئاستی نزمی بەکارهێنای تەکنەلۆژیا لە دامەزراوەکان لەنێو رووپێوەکە دەرکەوتووە.

رێژەی بەکارهێنانی مۆبایل وەک تەکنەلۆژیا، ٦٢٪ بووە.

سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

دارا رەشید وەزیری پلاندان، ئێرڤین ھیکس کۆنسولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و نوێنەری چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی لە ریوڕەسمی راگەیاندنی ئەنجامەکانی رووپێوەکە ئامادەبوون.

وەزیری پلاندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند: ئەنجامنەدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ و تێکەڵکردنی بەسیاسەت لەلایەن بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق، کەلێنێکی گەورەی خستووەتە سەر رێگەی بەدەستهێنانی زانیاری پێویست بۆ زۆربەی بوارەکان، بەتایبەت بواری ئابووری.

ئەو، لەگەڵ ئاماژەدان بە جەختکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات، دووپاتیکردەوە، "رەخساندنی هەلی کار لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە".