جووتیار عادل: نەوت و غاز موڵکی هیچ حزب و لایەنێک نییە

K24 – هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نەوت و غاز موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هی هیچ حزب و لایەنێک نییە، دەشڵێت: لەناو ئەنجونی وەزیران گوێمان لە هیچ نیگەرانییەک نەبووە لەسەر ئەو بابەتە.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستەسەر چەند پرسێکی هەنوکەیی، بەتایبەتی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پرسی نەوت و غاز.

لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چوار پرس سەردانی بەغدای کردووە، وەک نووسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجە و جێگیریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها بابەتی نەوت کە پەیوەستە ئیستحقاقاتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق تاکو یاسای نەوت و گازی عێراق پێشکەش دەکرێت، لەوبارەوە بیروڕای هەردوولا لێک نزیکبوون، مەلەفێکی دیکە لەسەر دەروازە سنوورییەکان بوو، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای دەروازە سنوورییەکان بە نادەستووری لە قەڵەم دەدەین، چونکە بەبێ ئەوەی ئەو دەسەڵاتەی دراوە بە هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەبێت هاوبەش بێت، بەڵام ئامادەین کە بگەینە رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە دەستوور هاتووە، بابەتێکی دیکە تایبەتە بە چاودێری دارایی، ئەو بابەتە لەنیوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە ئاستێکی باشدایە، لەم سەردانەشدا جارێکی دیکە داتاکانمان داوەتەوە بە وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تاڕادەیەک بیروڕای هاوبەشمان هەبوو.

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەکردەوە، پێویستە هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان، لیژنەی ناوەکی لەنێوان هەردوولا دروستبووە، لەسەر مەلەفەکانی نەوت، بودجە، چاودێری دارایی و دەروازە سنوورییەکان، لیژنەکان بە جیا کاری خۆیان دەکەن".

سەبارەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و ماددەی 140 کە تەوەرێکی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران بوو، جووتیار عادل ئاماژەی بەوەدا کە پێشێلکاریی و زوڵمکردن لە جووتیارانی کورد لەو ناوچانە بەردەوامە و گوتی: "داوامان لە حکومەتی عێراق و سەرۆککۆمار کردووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژیانە دابنێن، ئێمە پابەندین بەوەی دەبێت ماددەی 140 جێبەجێ بکرێت، سەرۆکی حکومەت بە روونی لەسەر ئەو پرسە ئاماژەی بە هەڵوێستی حکومەت کرد".

گوتەبێژی حکومەت، باسی لەوەشکرد، بابەتێکی دیکە کە لە ئەنجومەنی وەزیران باسی لێوەکراوە ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاوە لە عێراق، کە لە یاساکەدا مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکراوە، بەپێی دەستوور دەبێت بە هەماهەنگی هەردوو حکومەت ئیدارە بدرێن، بەڵام ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە و ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا جووتیار عادل رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانێکی دیکەی هەناری هەرێمی کوردستان هەناردە دەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان٢٤ سەبارەت بە بڕیارەکانی حکومەت،  گوتی: هەموو بڕیارەکانی حکومەت بە هاوبەشی بوونە. ئێمە سەرەتا گوتومانە ناکرێت حکومەت بکرێت بە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان، هەر گلەیی و گازندەیەکیش هەبێت، دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیران باسبکرێت.

دەربارەی کەرتی نەوت و غاز، جووتیار عادل دەڵێت: "نەوت و غاز موڵکی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هی هیچ حزب و لایەنێک تەنانەت هی حکومەتیش نییە، لەناو ئەنجونی وەزیران گوێمان لە هیچ نیگەرانییەک نەبووە، ئەم بابەتە پەیوەستە بە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و بەرژوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی، ئاژەی بەوەکرد، تائێستا 33 ملیۆن و 983 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی بەسەر 169 هەزار و 919 خێزان دابەشکراوە و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، دوای گوندەکان لە دەوروبەری شارەکان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت.