34 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆک تێکدەدرێن

یەک لە پاڵاوگە تێکدراوەکان
یەک لە پاڵاوگە تێکدراوەکان

K24 – هەولێر

٣٤ پاڵاوگە لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی کاشێی سنووری پارێزگای دهۆک تێکدران و ١١ پاڵاوگەی دیکەش بۆ جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییەکان، ئاگادارکراونەتەوە.

دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، ٨ـی کانوونی یەکەم) بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسییان لەسەر تەندروستی دانیشتووان، 34  پاڵاوگەی نایاسایی لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی کاشێ لە دهۆک تێکدران. دەستەی ژینگە رایگەیاندووە، ساڵانێکە خەڵكی سنوورەکە داوای تێکدان و داخستنی ئەو پاڵاوگانانەیان کردووە.

دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پاڵاوگەکان بەهۆی نەبوونی مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە دانانی پاڵاوگە و دروستکردنی مەترسی لەسەر تەندروستی دانیشتوان، داخراون. هەروەها 11 پاڵاوگەی دیکەش ئاگادارکراونەتەوە کە ئەگەر مەرجەکان جێبەجێنەکەن، ئەوانیش تێکدەدرێن.