پلاسخارت: گه‌نده‌ڵی دەبێتە مایەی بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافەکانیان
K24 – هه‌ولێر:
بەگوێرەی راگه‌یه‌ندراوی جینین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، تایبه‌ت به رۆژی جیهانی گه‌نده‌ڵی، ئاشكرایده‌كات، گه‌نده‌ڵی دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافەکانیان.
پلاسخارت گوتی: "گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی، یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، تێچووە ئابوورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕاددەبەدەرە، چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافەکانیان و لاوازكردنی وەبەرهێنانی جیهانی".
له‌باره‌ی به‌رده‌وامی گه‌نده‌ڵی و هۆكاره‌كانی به‌رده‌وامی ئه‌و پرۆسه‌یه، پلاسخارت روونیكرده‌وه، من زۆرجار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا گوتومه: "گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت، ئەوە دواجار بە خراپ بەسەر عێراقدا دەشکێتەوە."
ده‌شڵێت: "ئەوەش بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق، بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لەچاوتروکانێکدا روونادات، بەڵکو پێویستی بە کاری چڕ‌وپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە، بە تێگەیشتنیش لەوەی کە ئێستا کاتی کارکردنە".
پلاسخارت گوتیشی: "راستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە، بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا تووشی زیان دەبنه‌وه، دووپاتیشیكرده‌وه، ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت.
پێشتریش له‌ساڵی 2014 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاندبوو، نزیكه‌ی 50 هه‌زار كارمه‌ند و سه‌رباز له وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق مووچه وه‌رده‌گرن، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع بوونیان هه‌بێت.
ساڵی 2015، عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئاشكرایكردبوو، پڕۆژه بودجه‌كانی عێراق كه له‌ساڵی 2003 تاكو 2015 ئاماده‌كراون، زیاتر له 850 ملیار دۆلار بووه و 450 ملیار دۆلاری به گه‌نده‌ڵی رۆیشتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا به‌كارهێنانی پۆست و پله بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی نزیكه‌ی 25 ملیار دۆلار گه‌نده‌ڵی بووه.
لەلایەکی دیکە راپۆرتی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایده‌كات، له پڕۆژه‌بودجه‌ی 2021، نزیكه‌ی 100 ملیار دۆلار دیاریكرابوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه بۆ دۆخی ئابووری وڵات بكرێت، ئه‌مه‌ش دیارترین گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئابوورییه و به‌هۆیه‌وه پڕۆژه‌كانی بواری وه‌به‌رهێنان و خزمه‌تگوزارییه‌كان راوه‌ستان.
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی فیدراڵیش له‌ساڵی 2021 له راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووه، زیاتر له 11 هه‌زار به‌رپرسی حكومی له پرسی گه‌نده‌ڵیدا تێوه‌گلاون، له‌نێویاندا 54 وه‌زیر هه‌ن.
له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانیدا بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 10 به‌رپرسی له وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌رچوون و 2654 كه‌س تۆمه‌تبارن و له‌نێویاندا 7 وه‌زیر و 5 بریكاری وه‌زیر و 127 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و 2422 كارمه‌ند هه‌ن.
پرسێكی دیكه له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی سوودانی سه‌ریهه‌ڵدا، كه لە ماوەی (11) مانگدا واتە لە مانگی ئەیلولی 2021وە بۆ ئابی 2022 بە (247) چه‌کی بانکی لەدوو لقی بانکی رافیدەین، بڕی 3 ترلیۆن و 701 ملیار‌و 380 ملیۆن و 882 هەزار دینار راكێشراوه، سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌یه‌ش بردراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌مه‌ش به‌دزی سه‌ده له‌لایه‌ن به‌رپرسان و چاودێرانه‌وه وه‌سفكراوه.