سەرۆک کۆماری هەنگاریا: ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیریی ئێوە بکەین

کاتالین نۆڤاک سەرۆککۆماری هەنگاریا
کاتالین نۆڤاک سەرۆککۆماری هەنگاریا

K24 – هەولێر

کاتالین نۆڤاک سەرۆک کۆماری هەنگاریا، لە دووەم رۆژی سەردانی خۆیدا بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیریی ئێوە بکەین، ئەوە شتێک نییە لێرە کۆتایی بێبێت و دەمانەوێت بەردەوام بێت.

سەرۆک کۆماری هەنگاریا، ئەمڕۆ (شەممە ١٠ـی کانوونی یەکەم) لە رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەی عەنکاوە بەشدار بوو و گوتارێکی پێشکەشکرد، لە سەرەتادا باسی لە ئاڵای کوردستان کرد و گوتی: من پێموایە ئاڵای هەنگاریا دەناسن و وەک ئاڵای ئێوە رەنگەکانی سوور و سپی و سەوزی تێدایە. ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە ئاڵای هەنگاریا لێرە دەشەکێتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە ژمارەی دانیشتووانمان زۆر نییە و وڵاتێکی دەوڵەمەندیش نین، بەڵام دەمانەوێت هاوکار بین و هەر کەسێک پێویستی بە هاوکاری بێت، ئێمە ئامادەین. ئێمە وەک هەنگاریا نامانەوێت زۆر قسە بکەین، بەڵکو دەمانەوێت کردارمان هەبێت و ئەوە بکەین کە خەونی پێوە دەبینین، ئەوە مانای وایە کە هەنگاریا نەتەوەیەکی کردارییە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیریی ئێوە بکەین، ئەوە شتێک نییە لێرە کۆتایی بێبێت و دەمانەوێت بەردەوام بێت.

ئەو، لەبارەی هاوکاری و پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، گوتی: پەیوەندییەکانی ئێمە لەسەر بنەمای سێ یاسایە. یەکەم، ئێمە رێز لە لایەنی بەرامبەرمان دەگرین و ئەمەش بەو مانایەیە کە رێز لە سەروەریی نەتەوەکانی دیکە دەگرین. دووەم، پشتیوانی لە چارەسەری دیموکراسیانە و سەروەری دەکەین. ئێمە تیرۆر و هێرشەکان سەرکۆنەدەکەین.

کاتالین نۆڤاک سەرۆک کۆماری هەنگاریا، سەبارەت بە کردنەوی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە شارۆچکەی عەنکاوە رایگەیاند: بەداخەوە لە چەندین وڵاتدا بەهەزاران مەسیحی دەچەوسێندرێنەوە و ئەمەش پێویستە باسی لێبکرێت. کارمان لەسەر گەڕاندنەوەی نیو ملیۆن هاووڵاتی خۆمان بۆ ماڵەکانیان کردووە و لە زیاتر لە ٥٠ وڵات خزمەتگوزاریمان پێشکەشکردوون. کاتێک ئیمە ئەو پرۆگرامە هاوکارییەی هەنگاریامان بەئەنجام گەیاند و بیرمان کردەوە هاوکارییەکی راستەخۆ پێشکەش بەو کۆمەڵگایانە بکەین کە پێویستیانە، ئیمە پرسیارمان لە سەرکردەکانی ئەو ناوچانە کرد کە دەتوانین چۆن زیاترین هاوکاری بکەین و ئەوان پێشنیاری کردنەوەی قوتابخانەیان کرد. ئێمە  گۆڕستان و باخچەی منداڵانمان دروستکردووە. هەنگاریا لەو کارانە بەردەوام دەبێت. ئێمە نابێت بەهێز وا لە خەڵک بکەین بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، بەڵکو دەبێت هاوکاریان بکەین لەوەی پێویستیانە. چەندین مەترسیش لەسەر ئەوروپا و هەنگاریا هەیە، بەڵام پێویستە بەردەوام بین.

سەرۆک کۆماری هەنگاریا لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا دووپاتیکردەوە: ئیمە دەمانەوێت کۆمەڵگە و وڵاتەکەی ئێوە بەهێز بێت و رزگارتان بێت، بەڵام رزگاربوون بەس نییە، ئێمە دەمانەوێت ئێوە وەک هەرێمی کوردستان بەرەوپێش بچن و داهاتوویەکی گەشتان هەبێت، کاتێک قوتابخانەمان کردەوە، مانای ئەوەیە کە دەمانەوێت داهاتوویەکی گەشاوەمان هەبێت.

کاتالین نۆڤاک، سەبارەت بە سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە تەنیا لەبەر هێزە جەنگاوەرەکانمان بۆ ئێرە نەهاتووین، بەڵکو ویستمان چاومان بە ئێوە بکەوێت و لێرە وەبەرهێنان بکەین. لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت کۆبووینەوە و گفتوگۆیەکی فراوانمان کرد. دوێنی چووینە تەلەسقۆف و ئەڵقوش، ئەوە شانازییە بۆ من و هەستم بە ئاسوودەیی و پارێزراوی کرد کە چوومە ئەوێ.

سەرۆک کۆماری هەنگاریا لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سوپاسی پێشوازییەکەی سەرۆک وەزیرانی کوردستانی کرد و گوتی: دڵخۆشم بەوەی دەبینم هەنگاریا لێرە وەبەرهێنان دەکات، ئێوە بەتەنها نین.