سێ عێراقی لە کەمپی هۆل دەستگیرکران

K24 - هەولێر

هەسەدە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی لە کەمپی هۆڵ ئەنجامدا و سێ عێراقی بە تۆمەتی ئەندامییەتی لە رێکخستنەکانی داعش دەستگیرکران.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەشی پینجەمی کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئۆپەراسیۆنێکی لە دژی شانە نووستوەکانی داعش لە کەمپەکە ئەنجامدا و لەو چوارچێوەیەدا سێ هاووڵاتی عێراقی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخستنەکانی داعش دەستگیرکران و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تائێستا 925 خێزانی چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە عێراق.

کەمپی هۆل بە دووری 40 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، زیاتر لە 50 هەزار کەسی لە خانەوادەی داعش و پەنابەری عێراقی و کۆچبەری سووری تێدا نێشتەجێن، بەگوێرەی ئامارەکان زۆربەی کەسوکاری داعش لەو کەمپە خەڵکی عێراقن.