17 تیرۆریست چونەتە ئەڵمانیا

لەگەڵ پەنابەراندا خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە

 K24 - هەولێر:

ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە كە ژمارەیەكی زۆری ئەندامی داعش، لەگەڵ لێشاوی پەنابەراندا خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.

هەواڵگری ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەیەكی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە،زیاتر لە 17 تیرۆریستی داعش لەگەڵ لێشاوی پەنابەراندا خۆیان گەیاندووەتە ئەڵمانیا.

ڕۆژنامەكە نوسیویەتی، دوو لەو تیرۆریستانەی بەو شێوەیە هاتبوونە ئەڵمانیا،ساڵی ڕابردوو لە فەڕەنسا خۆیان تەقاندبووە..

ئەم زانیاریانەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە كاتێكدایە، چەكدارانی داعش و لایەنگرانی ئەو گروپە، لە ئەوروپا و ناوچەكانی دیكەی جیهان دەستیان بە ئەنجامدانی كردەوی چەكداری و هێرشكردنە سەر خەڵكی سڤیل كردووە.

لە فەڕەنسا و بەلجیكا كردەی چەكداری و خۆكوژییان ئەنجامداوە و لە توركیاش پەلاماری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی"ئەتاتورك"یانداو ژمارەیەكی زۆر گەشتیاریان كوشت و بریندار كرد.

ئەڵمانیاش یەكێك لەو وڵاتانەیە كە دەرگای بەڕووی ژمارەیەكی زۆری پەنابەراندا كردووەتەوە و لە ڕابردوودا دەیان هەزار پەنابەر ڕوویانكردووەتە ئەو وڵاتە.