فه‌وزی هه‌ریری: حكومه‌تی هه‌رێم سه‌لماندوویه‌تی ئێره شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌وزی هه‌ریری له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌لماندوویه‌تی هه‌رێمی كوردستان شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكهاته‌كانه.
ئه‌مڕۆ، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له سه‌رۆكی هه‌نگاریا، كاتالین نۆڤاك و دوای ته‌واوكردنی به‌رنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان، له رێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه ماڵئاوایی لێكرا.
فه‌وزی هه‌ریری، له باره‌ی سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌نگاریا بۆ هه‌ولێری پایته‌خت، بۆ كوردستان24 گوتی: ئه‌و سه‌ردانه زۆر گرنگ و به‌نرخه، به‌خته‌وه‌رین توانیمان به‌رنامه‌كه‌ی زۆر باش دابڕ‌ێژین و جێبه‌جێی بكه‌ین.
گوتیشی: سه‌رۆكی هه‌نگاریا له كۆبوونه‌وه‌كاندا، باسی ئه‌وه‌ی كرد، ئه‌وه‌ی له هه‌واڵه‌كان ده‌بینن، پێشبینیان ئه‌وه نه‌بوو، كه ئه‌وه له هه‌ولێر ببینن.
له پێشوازی و سیستم و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، به جۆرێك خۆی وتی ئێمه بۆچوونی دیكه‌مان هه‌بوو.
هه‌روه‌ها وتی: له قسه‌كانیدا كاتالین نۆڤاك باسی ئه‌وه كرد، مه‌ترسییه‌كی زۆریان هه‌بووه له هاتن بۆ ئێره له به‌ر ره‌وشی ناوچه‌كه، ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌كرێت له هه‌موو لایه‌كه‌وه، به‌ڵام دوای بینینی ره‌وشه‌كه خۆی باسیكرد، كه
ئێره ره‌وشێكی زۆر جیاوازه و ئاسایش هه‌یه و پێشكه‌وتنی به‌رچاو به‌ده‌ستهاتووه و پێشكه‌وتنی خزمه‌تگوزاری و رێكوپێكی له به‌رنامه‌ی پێشوازی به روونی هه‌ستیپێكراوه.
فه‌وزی هه‌ریری ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، نۆڤاك وتویه‌تی "من یه‌كێكم له‌و سه‌ركردانه‌ی له سه‌ر مێزی یه‌كێتی ئه‌وروپا داده‌نیشم، ده‌بمه نوێنه‌ری ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و مێزه و باسی ره‌وشی راسته‌قینه‌ی ئێره بۆ ئه‌وان ده‌كه‌م".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، فه‌وزی هه‌ریری باسی له‌وه كرد، له كۆبوونه‌وه‌كاندا لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاندووه، ئێمه باشترین په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی عێراق و دراوسێكان هه‌یه، هه‌رگیز هه‌ڕه‌شه نه‌بووین بۆ ئاسایشی ناوچه‌كه.
هه‌روه‌ها داوایان له سه‌رۆكی هه‌نگاریا كردووه، "پێویسته یه‌كێتی ئه‌وروپا زیاتر هه‌ڵوێستێكی روونتریان هه‌بێت له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری هه‌رێم بكه‌ن".
سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، فه‌وزی هه‌ریری ستایشی ستراتیژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد و گوتی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به ته‌واوه‌تی سه‌لماندووییه‌تی ئێره شوێنی پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو لایه‌كه".
سه‌باره‌ت به ته‌بایی ناوخۆیی و ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، فه‌وزی هه‌ریری ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كاتێكی زۆر له‌به‌رده‌ستدا نییه و كاتی ئه‌وه‌یه هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌وڵه‌كانیان یه‌كخه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و زه‌مینه‌سازی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان.