پارتی گۆڕانکاری لە پۆستەکانی ئۆرگانێکی دیکەدا دەکات
K24 – هەولێر
لە چوارچێوەی ئاڵوگۆڕییەکانی دوای کۆنگرەی 14، پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاری لە پۆستەکانی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکاندا دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی کانوونی یەکەمی 2022) ئاڵوگۆڕی لە پۆستی بەرپرسی بەشی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی پارتی دەکرێت.
سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی مەحموود محەممەد کارگێری مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی، ئاڵوگۆڕی لە پۆستی بەرپرسی بەشی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان پارتی دەکرێت، هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی وەک بەرپرسی بەشی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان دەستبەکار دەبێت.
لە کۆنگرەی 14دا پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا گۆڕانکاری لە ئۆرگانەکانیدا بکات، تائێستا گۆڕانکاری لە پۆستەکانی بەشێک لە ئۆرگەکانی پارتی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە 3/11/2022، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14ی لە دهۆک بەست، لە کۆنگرەدا سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرایەوە و هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی وەک جێگری سەرۆک هەڵبژێردران.
لە کۆبوونەوەی 12/11/2022 کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی، نۆ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران و حەفت ئەندامی دیکەش کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوون هەڵبژێردرانەوە.