هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێ له عێراق راگه‌یه‌ندرا

K24 - هەولێر:
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری سه‌ر‌بەخۆی عێراق، هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێیان راگه‌یاند و له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، نازم شبلی، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانێتییه‌كه گوتی: ئامانجمان چاودێریكردنی زیاتری ئه‌دای حكومه‌ته له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و داكۆكیكردن له ماف و ئازادییه‌كان.
هەروەها نازم شبلی رایگەیاند، كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای هێزه‌ئه‌منییه‌كان دەکەن، بۆ پارێزگاریكردن له ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات.
گوته‌بێژی هاوپه‌یمانێتییه‌كه ده‌ڵێت: ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نوێیه گرنگی به چڕكردنه‌وه‌ی رۆڵی چاودێری له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌دات، له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌دای حكومه‌ت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پشتیوانیكردن له دۆسیه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رته گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، وه‌ك: په‌روه‌رده، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و ته‌ندروستی و به‌هێزكردنی رۆڵی هێزه ئه‌منییه‌كان به هه‌موو شێوازه‌كانییه‌وه.
دووپاتیشیكرده‌وه، هاوپه‌یمانێتییه‌كه گرنگی به رۆڵی په‌رله‌مانی عێراق ده‌دات، بۆ ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌یاسای گرنگ، كه له ئاست خواست و داواكاری گه‌لی عێراق و ئازادییه‌كانییان بن و ده‌سته‌به‌ری دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن.
له كۆتاییشدا به‌ڵێنی به ته‌واوی خه‌ڵكی عێراق دا، كاری جددی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادییه‌كان به‌بێ جیاكاری بكه‌ن و داكۆكی له مافی ئازادی راده‌ربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانه و پارێزگاریكردن له فره‌ڕه‌نگی، له رێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ئینتیمای سیاسی و پێداگیریكردن له مافی ئافره‌تان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و جیاكارییه ده‌رهه‌ق به كه‌مینه‌كان ده‌كرێت.