ئه‌مه‌ریكا: بەرپرسی پلاندانانی هێرشە خۆکوژییەکانی داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا كوژرا

K24 - هەولێر:

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمه‌ریکا، كوژرانی دوو سەرکردەی داعشی لە رۆژهەڵاتی سووریا، له‌ بۆردومانێكدا راگه‌یاند.

لە راگەیه‌ندراوێکدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمه‌ریکا ئاشکرایدەکات، بەرەبەیانی (ئه‌مڕۆ 11ـی کانوونی یەکەم/دیسێمبه‌ری 2022) کاتژمێر 2:57 خوولەک، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە ئەنجامدراوە، توانیویانە لە رۆژهەڵاتی سووریا دوو سەرکردەی داعش بکوژن، یەکێک لەو سەرکردانە ناوی ئەنەس بووە و بەرپرسی پلاندانانی هێرشە خۆکوژییەکانی داعش بووە.

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا هیچ کەسێکی سڤیل بەرنەکەوتووە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمه‌ریکا دڵنیایی دەدات، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لەناوچەکەدا، سوورن لەسەر نەهێشتی هەڕەشەکانی داعش.

هه‌روه‌ها لە راگەیه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە، داعش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆسەر هاوپەیمانەکانی ئەمه‌ریکا لەناوچەکە و دووپاتیشیكرده‌وه‌، هێشتا داعش هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پابەندیشی بە لەناوبردنی یەکجارەکی داعشیشی له‌ ناوچه‌كه‌ راگه‌یاند.