په‌رله‌مانتارێكی كورد: نابێت پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی 2023 بۆ ره‌حمه‌تی په‌رله‌مان جێبهێڵدرێت
K24 – هه‌ولێر:
په‌رله‌مانتارێكی كورد له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی رێككه‌وتنی سیاسی له‌باره‌ی پشكی كورد له بودجه‌ی گشتی 2023 ده‌كاته‌وه و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر پشكی كورد له بودجه‌ی 2023 بۆ ره‌حمه‌تی په‌رله‌مانی جێبهێڵدرێت، ئه‌وا به‌هۆی موزایه‌ده‌ی سیاسییه‌وه هیچ ئه‌نجامێكی باشی نابێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (11ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، سیپان عه‌زیز، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێویسته پارتی و یه‌كێتی له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت، له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی 2023 رێككه‌وتن بكه‌ن و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه بۆ گفتوگۆكانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جێنه‌هێڵدرێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ره‌شنووسی كۆتایی یاسای بودجه‌ی 2023 رێككه‌وتن نه‌كراوه و نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش، تاوه‌كو له‌م نزیكانه ئاڕاسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بكرێت به مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن.
سیپان عه‌زیز روونیكرده‌وه، هه‌رچه‌نده تاوه‌كو 9ـی مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی داهاتوو، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له پشوودایه، به‌ڵام چاوه‌ڕێ ناكرێت له‌و ماوه‌یه‌دا بودجه‌ی بگاته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و پێشبینیكرد له مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو یتواندرێت له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ارنی عێراق له‌باره‌ی بودجه‌وه گفتوگۆبكه‌ن به مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردن.
سه‌باره‌ت به نرخی نه‌وت له بودجه‌ی 2023ـدا گوتی، هه‌رچه‌نده تاوه‌كو ئێستا ره‌شنووسی بودجه ته‌واونه‌بووه، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كان نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له نێوان (70 بۆ 75) دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت و دووپاتیشیكرده‌وه، بودجه‌ی 2023ـی عێراق بودجه‌یه‌كی زه‌به‌لاح ده‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی دروست به‌ڕێوه‌ببرێت، ئه‌وا رووبه‌ڕووی كه‌مترین كورتهێنان ده‌بنه‌وه.
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، سیپان عه‌زیز ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، په‌رله‌مانتارانی هه‌موولایه‌نه‌كان هه‌وڵیانداوه، ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی و كاره‌كانی ئه‌وان نه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به یه‌ك تیم كاربكه‌ن، له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه ده‌ستووری و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا.