دووەم خۆپیشاندەر لە ئێران لە سێدارەدرا

مەجیدرەزا رەهنەوەرد
مەجیدرەزا رەهنەوەرد

K24 - هەولێر:

دەسەڵاتی دادوەری ئێران دووەم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ خۆپیشاندەرێکی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە دەرکرد و سەرلە بەیانی ئەمڕۆ بڕیارەکە جێبەجێکرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی (میزان)ـی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بڕیاری لەسێدارەدانی (مەجیدرەزا رەهنەوەرد) سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە  12ـی کانوونی یەکەم/ دیسێمبەر بە تۆمەتی "دژایەتی حکومەتی ئیسلامی" جێبەجێکراوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری لە سێدارەدانەکە لکە 29ـی تشرینی دووەم دراوە، دوای ئەوەی مەجیدرەزا "دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران کوشتووە و چواری دیکەشی بریندارکردووە".

ئەمە دووەم بڕیاری لەسێدارەدانە کە پەیوەست بێت بە خۆپیشاندانی ئەمدواییەی وڵاتەکە، یەکەم بڕیاری لەسێدارەدان بۆ (موحسین شکاری) دەرچوو، کە رۆژی 8ـی کانوونی یەکەم  بە تاوانی "دژایەتی حکومەتی ئیسلامی" لەسێدارەدرا.

لە رۆژانی رابردوودا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەران ئاگادارکردبووەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بڵاویکردووەتەوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا کە بە "گیانلەدەستدانی" ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) دەستیپێکرد، 458 خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.