بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە دوو شوانی کورد گیانیان لەدەستدا
K24 – هەولێر
هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەیان لە دوو شوانی کورد کردووە، لەکاتی هەڵاتن لە شاخ کەوتوونەتە خوارەوە و گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین، لە کوێستانەکانی (گۆڕ تیسوێ )لە سنووری نێوان ئێران - ھەرێمی کوردستان، پاسەوانی سنووری ئێران تەقە لەو دوو شوانە کردووە و کاتێک ویستوویانە خۆیان رزگار بکەن لە شاخ هەڵدێراون و گیانیان لەدەستداوە.
پەیامنێرمان رایگەیاند، شوانەکان خەڵکی گوندی بێپاڵانن لە سنووری ناحیەی سەنگەسەر و بران بە ناوەکانی سەرباز حەمەد برایم و کامەران حەمەد برایم ھەردووکیان برانە و خێزاندارن.
نەھرۆ عەبدوڵڵا بەڕێوبەری ناحیەی سەنگەسەر بە کوردستان24ی راگەیاند، شوانەکان کاتێک لەلایەن پاسەوانی سنووری ئێران، تەقەیان لێکراوە لەشاخ ھەڵدێراون و گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، ئێستا ھاووڵاتیانی ناوچەکە و کەسوکارەکەیان چوونەتە سەر سنوور بۆ ئەوەی تەرمەکانیان بهێننەوە.