ئۆتۆمبێلێک لە دەروازەی پەروێزخانەوە ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ دووبەی

وێنه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌
وێنه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌

K24 - سلێمانی:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک لە دەروازەی پەروێزخانەوە بەناوی بەرپرسێکەوە بە ژمارەی ساختەوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان و دواتر گەڕێندراوەتەوە دووبەی.

رەمەزان نامیق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری لێکسزی مۆدێل 2010 یە و بەناوی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیرێکەوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان و لەلایەن بەرپرسێکی حزبی و بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەو وەزیرەوە لە هەولێر و سلێمانی بە ژمارەی ساختە هاتووچۆی پێکراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکسزەکە بەناوی  ئۆتۆمبێلی گەشتیارییەوە هاتووەتە هەرێم کەچی لەسەر فلات هاتووە و دوای چوار مانگ لە ژێر فشاردا گەڕێندراوەتەوە بۆ دوبەی.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "بە لیژنەیەک سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانیان کردووە بەڵام بەرپرسانی مەرزەکە پێیان راگەیاندوون کە ئامادەنین زانیارییان لەسەری پێبدەن".

هەروەها دەشڵێت، "پەیوەندییان بە کەسە نزیکەکانی وەزیریشەوە کردووە و پێیان راگەیاندوون وەزیر بێئاگایە لەم دۆسیەیە".

بە گوتەی رەمەزان نامیق، بەبەڵگەوە هەموو زانیارییەکیان داوەتە دادگای کەلار لەسەر ئەو کەسەی لە پشت ئەو دۆسیەیە و کێ هاوکاریکردوون و کارئاسانی بۆ کردوون لە هێنانەناوەوەی لە دەرگای تایبەتەوە بۆناو خاکی هەرێمی كوردستان.