شانەی جەنگی: لە بەغدا و سلێمانی دوو تیرۆرست دەستگیرکران

.
.

K24 - سلێمانی:

شانەی ئەمنی بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری عێراق بە هاوکاری پۆلیسی فیدڕاڵی و ئاسایشی سلێمانی "دوو تیرۆرستییان" لە بەغدا و سلێمانی دەستگیرکردووە.

شانەی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەی کە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و هەواڵگری لە بەغدا رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی و هەواڵگری کردووە، مەفرەزەکانیان توانیویانە لە گوندی بەتە لە قەزای تاجی لە پارێزگای بەغدا " تیرۆرستێک" دەستگیربکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستگیرکراوەکە لە لایەن دادگەی ئەنبار بە ماددەی چواری تیرۆر داواکراوە و  بەهەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ فیرقەی دووی پۆلیسی فیدڕاڵی دەستگیرکراوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەی شانەی جەنگییدا هاتووە: "بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، مەفرەزەکانی هەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی توانیویانە داواکراوێک دەستگیربکەن".

ئاماژە بە وەشکراوە، دەستگیرکراوەکە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی نەینەوا بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوە و لە کاتی بوونی لە پارێزگاری سلێمانی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و رەوانەی بەردەم دادگا کراوە.