"لە سلێمانی چەند منداڵێک بەهۆی مانگرتنی پەرستارانەوە گیانیان لەدەستداوە"

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بایکۆتی پەرستارانی بەشی چاودێری چڕ، بەشەکەیان داخستووە و چەند منداڵێک گیانیان لەدەستداوە.

د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی نزیکەی یەک مانگ و نیوە داخراوە، بەهۆی مانگرتنی پەرستارەکانی بەشەکە، کە ژمارەیان 25 کارمەندە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەرستارانە بەهۆی کۆرۆناوە بە گرێبەست دامەزرابوون، بەڵام دوای کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا گرێبەستەکانیان بۆ نوێنەکراوەتەوە و ئەوانیش مانیان گرتووە و دەوام ناکەن.

د. پشدەر، گوتیشی: "داخستنی بەشەکە بارگرانییەکەی زۆری بۆ هاووڵاتیان و نەخۆشخانەکە دروستکردووە و منداڵ هەبووە بەهۆی ئەوەی دایک و باوکەکەی نەیانتوانیوە بیبەنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان گیانی لەدەستداوە".

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، داوای لە وەزارەتی تەندروستی کرد، گرێبەستی ئەو پەرستاران نوێبکاتەوە یان بۆیان بکاتە هەمیشەیی، تاوەکو ئەو بەشە پەکی نەکەوێت و رێزگرترنێکیش بێت بەرامبەر ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی لە ماوەی کۆرۆنا داویانە.