4 هەڵبژاردەی تۆپی پێ شەڕی نووسینەوەی مێژوویه‌كی نوێ دەکەن

حه‌كیمی، مباپێ، مۆدریچ و مێسی
حه‌كیمی، مباپێ، مۆدریچ و مێسی

دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، ئارجێنتینا، کڕواتیا و مەغریب بۆ نیوەی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەر چوار هەڵبژاردەکە لەبەردەم نووسینەوەی مێژوودان بۆ وڵاتەکەیان.

فەرەنسا پاڵەوانی هەردوو مۆندیالی 1998 و 2018ـەیە، ئەگەر مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەدەستبهێنێت، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردە لە دوای ساڵی 1962ـەوە دووجار بەدوای یەکدا نازناوەکە بباتەوە وڵاتەکەی، کە ئەوکات بەرازیل لەگەڵ پێلێ بوونە پاڵەوانی مۆندیالی 1958 و 1962، هەروەها پێشتر ئیتاڵیا دووجار بەدوای یەکدا جامی جیهانی بەدەستهێناوە لە ساڵەکانی 1934 و 1938.

ئارجێنتینا بە هەمان شێوەی فەرەنسا خاوەنی دوو جامی جیهانییە لە 1978 و 1986، ئەم مۆندیالە بۆ ئارجێنتینا بە گشتی و لیۆنێل مێسی بەتایبەتی زۆر گرنگە، کوڕە ئارجێنتینایه‌كه‌ تەمەنی 35 ساڵە و رەنگە ئەمە دوا دەرفەتی ژیانی بێت بۆ بەدەستهێنانی مۆندیال، چونکە پێشتر چوارجاری دیكه‌ له‌ بەشداریکردنی جامی جیهانی شکستیهێناوە لە بوونە پاڵەوان و باشترین ئەنجام بەدەستهێنابێت پلەی دووەمی مۆندیالی 2014ـەیە، کە ئەوکات بەرامبەر ئەڵمانیا شکستیانهێنا.

هەڵبژاردەی کرواتیا تا ئێستا نەبووەتە پاڵەوانی مۆندیال و دەیەوێت یەکەم نازناوی جامی جیهانی لەگەڵ ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی لۆکا مۆدریچ بەدەستبهێنێت. کرواتیا لە قۆناغی هەشتی مۆندیالی قەتەر توانی لە بەرازیلی خاوەن پێنج نازناوی پاڵەوانێتییەکە بباتەوە و بگاتە قۆناغی پێشکۆتایی لە کاتێکدا کرواتیا ژمارەی دانیشتووانی زۆر نییە و چوار ملیۆن کەسە.

کرواتیا خاوەن هێڵێکی ناوەڕاستی بەهێزە بەسەرکردایەتی لۆکا مۆدرێچ لەگەڵ هەریه‌كه‌ له‌ پێرسیچ، برۆزۆفیچ و کۆڤاسیچ.

ئەوەی دەمێنێتەوە باس بکرێت هەڵبژاردەی مەغریبە، مەغریب ئەسپەڕەشەکەی مۆندیالی قەتەرە، یەکەم هەڵبژاردەی عەرەبی و ئەفریقییە له‌ مێژوودا بگاتە قۆناغی پێشکۆتایی، پێشتر هیچ هەڵبژاردەیەکی عەرەبی نەگەیشتووەتە چارەکی کۆتایی و هیچ هەڵبژاردەیەکی ئەفریقیش نەگەیشتووەتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین.

بۆیە هەریەك لەو چوار هەڵبژاردەیەی لە قۆناغی پێش کۆتایی جامی جیهانی 2022ـی قەتەرن لەبەردەم تۆمارکردنی مێژوون بۆ وڵاتەکەیان و بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دەجەنگن.