"پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ رێژەی باران بارین لە هەرێمی کوردستان زۆربێت"

"بەگوێرەی پێشبینییەکان دوای وەرزی زستان، بەهارێكی باراناوی دێت"
پایزی شارباژێر - وێنە: دانا حەمە غەریب
پایزی شارباژێر - وێنە: دانا حەمە غەریب

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، ئەمساڵ پێشبینی وشکەساڵی ناکرێت، بەڵکو پێشبینی دەکرێت، رێژەی باران بارین زۆر بێت و دوای وەرزی زستان، بەهارێمی باراناوی بێت.

دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەمڕۆ سێشەممە (13ی کانوونی یەکەمی 2022) بە ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلێكی بارانبارینی مامناوەند ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەکات، کە سەرەتاکەی نمە باران بارین دەبێت و دواتر رێژەی دابارین زیاد دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، کە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا، بەفر بارین دەستیپێکردووە و پلەکانی گەرما دابەزیون و ماوەی شەپۆلی سەرما و باران بارین تا پێنج شەممە بەردەوام دەبێت، بەڵام پێشبینی ناکرێت، لافاو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەهۆی ئەم شەپۆلە باران بارینەوە دروست ببێت.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، وشکە ساڵی زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، بەوهۆیەوە، جوتیاران زیانیان بەرکەوت، لەبارەی رێژەی باران بارین و ئەگەری دووبارە بوونەوەی وشکە ساڵی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەڵێت، بەگوێرەی هەموو راپۆرتەكانی ڕێكخراوی كەشناسیی جیهانی و ئەزموونی شارەزایان و راپۆرتی رێكخراوی كەشناسی، پێناچێت ئەمساڵ وشكەساڵی ڕووبدات.

باسی لەوەشکرد، کە پێشبینی دەکرێت باران بارین زۆر بێت و دوای وەرزی زستان، بەهارێکی باراناوی، لە هەرێمی کوردستاندا دەستپێبکات.