بە تۆمەتی گەندەڵی شەش ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا دەستبەسەرکران

ئاڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا
ئاڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا

K24 - هه‌ولێر:

بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، گەندەڵی و هەروەها وەرگرتنی بەرتیل بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ قەتەر بکەن میوانداری جامی جیهانی بکات، شەش ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا دەستبەسەرکران، لە نێویشیاندا، ئیڤا کایلی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا.

پەرلەمانی ئەوروپا لە 705 ئەندام پەرلەمانی 27 وڵاتی ئەوروپی پێکدێت. ئەگەر تۆمەتەکان ساغببنەوە ئەوە دەبێتە گەورەترین ئابڕووچوون لە مێژووی په‌رله‌مانه‌كه‌دا.

گەندەڵی گەیشتووەتە رادەیەک، کە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپا و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیشی گرتووەتەوە.

ئیڤا کایلی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا
ئیڤا کایلی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا

سێ دەستبەسەرکراوەکەی دیکە هەر سێکیان ئیتاڵین، بریتین لە پییر ئەنتۆنیۆ پانزێری، فرانسیسکۆ جیۆرجی و نیکۆلۆ فیگا-تالامانچا.

پارێزەکەی کایلی رایگەیاند، بێتاوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان  دەرخستووە. رەتیکردەوە هیچ تێوەگلانێکی لە وەرگرتنی بەرتیل لە قەتەر هەبێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسان، کە ئایا هیچ پارەیەک لە ماڵەکەی کایلی دۆزراوەتەوە، پارێزه‌ره‌كه‌ی گوتی: "هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەو بابەتە نییە."

کایلی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی ئەوروپا بە کۆی 625 دەنگ بڕیاری لادانی کایلی لە پۆستەکەی وەک جێگری سەرۆکی پەرلەمان پەسەندکرد.

هەروەها لە گروپی سۆسیالیست و دیموکراتەکان لە پەرلەمان سڕکرا و لە حزبی پاسکۆی یۆنانیش دەرکرا. هەموو سەرمایە و کۆمپانیاکانی خۆی و هاوسەرەکەی لەلایەن یۆنانەوە دەستیبەسەردا گیرا.

ئابڕوچونەکە کاتێک ئاشکرابوو، کە لێکۆڵەرانی بەلژیکا زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار پاوەندیان لە دوو ماڵی جیاواز و جانتایەکدا دۆزییەوە.

تیمەکانی لێکۆڵینەوەی بەلژیکا رایانگەیاند، 600 هەزار پاوەند لە ماڵێک، 150 هەزار لە ماڵێکی دیکە و 750 هەزار پاوەند لە جانتایەکدا دەستبەسەرکردووە.