لە رانیە دەست بەسەر 70 تۆن ترشیاتی ماوە بەسەرچوودا دەگیرێت

K24 - سلێمانی
تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانیان لە کارگەیەک 70 تۆن مەوادی سەرەتایی ترشیاتیان دەستبەسەردا گرتووە و پاشان لەناویان بردووە.
ئەمڕۆ چوار شەممە 14/12/2022، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی راپەڕین لە کارگەی ترشیاتی ئانا بە بڕی 70 تۆن ترشیات و مەوادی ترشیاتیان لەناوبردووە.
تەندروستی راپەڕین ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر داوای خاوەنی کارگەی ترشیاتی ئانا بە مەبەستی گواستنەوەی کارگەکەی پشکنینی بۆ کرا، دوای پشکنینی لیژنەکەیان بۆی دەرکەوت کە سەرجەم مەوادی ترشیات و ترشیاتەکە شایانی بەکارهێنان نییە.


