وەزیری دارایی و ئابووری: هەوڵی زۆرمان داوه‌ بابەتی بودجە و پشکی فەرمانبەران مسۆگەربکرێت

768
768

K24 – هەولێر:

دوای سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە ناردنی 400 ملیار دینار وەکو پشکی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی 2022. له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "هەوڵی زۆر دراوه‌ بابەتی بودجە و پشکی فەرمانبەرانی هه‌رێمی كوردستان مسۆگەربکرێت".

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، سه‌رۆكی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، به‌هۆی بابەتی نەوت، بودجە و پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی 2023ـی عێراق، سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌. لەبارەی ناردنی پشکی هەرێمه‌وه‌ گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق، لە تەواوی ساڵی 2022دا، تەنیا دوو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە".

وەزیری دارایی و ئابووری، گوتیشی:''بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە بەشە بوودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لە نێوان هەولێر و بەغدا دا هەبوون، هەروەها کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بە تەواوەتی چارەسەرکرد".

لەو سەردانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، بابەتی نەوتە، کە بووەتە کێشەیەکی هەڵپەسێردراوی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاوات شێخ جەناب، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەکان گفتوگۆیان لەبارەی نەوتەوە کردووە و هەنگاوی زۆر  نراوە و تاڕادەیەک لێکتێگەیشتن هەیە.

لەبارەی ده‌ره‌نجامی کۆبوونەوەکانیشەوە گوتی: "کۆکبووین لەسەر ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و رێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە".

وەزیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ئەوەشی گوت: ''وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە کرد و بەڵێنیان پێداین، کە لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری بکەن. دوای هەوڵەکانی شاندەکە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پارەی دوو مانگی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.''

وەزیری دارایی و ئابووری، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمجارە به‌ بەراورد بە جارەکانی دیکە، تاڕادەیەکی زۆر گەشبینترن و دەرئەنجامی گفتوگۆیەکان بە دڵی هاووڵاتییان دەبن، هەوڵی زۆریش دراوە بابەتی بودجە و پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەربکرێ، بەشێوەیەک نەکەوێتە ناو کێشمەکێشی سیاسی و دژی هەرێمی کوردستان بهێنرێت.

لەبارەی کەشی کۆبوونەوەکانەوە، ئاوات شێخ جەناب کە سه‌رۆكی شاندی هەرێمە بۆ بەغدا، گوتی: دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنین و وەکو چۆن سێ ڕۆژە ئێمە بە ئەرێنی بینوویمانە.