گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بە سەربازگە دەکرێن

K24 - هەولێر

ماوەیەکە بە شەوان ھێزەکانی سوپای عێراق، ئۆتۆمبێلی سەربازی دەھێننە نێو گەڕەکە کوردییەکانی شاری کەرکووک و تاوەکو درەنگانی شەو دەمێننەوە، دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە ناڕازین و رایدەگەیەنن، گەڕەکەکانیان زیاتر لە سەربازگە دەچێت، ئەمەش تەنیا لە گەڕەکە کوردنشینەکانە و لە گەڕەکە عەرەبی و تورکمانییەکان نابیندرێن.

بەگوێرەی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لەلایەتیمی کوردستان24 لە کەرکووک تۆمارکراوە، لەنێوان چەند سەد مەترێک و لەسەر کوچەی ھەرکۆڵانێک ئۆتۆمبێلێکی سەربازی جێگیرکراوە، لە گەڕەکەکانی شۆریجە، ئیسکان و رەحیمئاوا، کە سێ گەڕەکی کوردیین لە کاتەکانی شەودا بە سەربازگە دەکرێن.

محەمەد عارەب، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی کەرکووکە بە کوردستان24ی گوت: "لە گەڕەکە کوردییەکان لەسەر ھەر کوچەیەک ئۆتۆمبێلێکی سەربازی ھەیە، ئەمە دیمەنی شارەکەی ناشرینکردووە".

ئەو هاووڵاتییە کە بێزارە لە بە سەربازگە کردنی گەڕەکەکەیان دەپرسێت: "ئەی بۆ ئەمە لە گەڕەکە عەرەبییەکان نییە؟".

ئاتێلا عەبدولکەریم، هاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکەکانی خوارووی کەرکووکە، کە بە گەڕەکە عەرەبی و تورکمان نشینەکان ناسراوە، ئەو دەڵێت: "لە ئێستادا دۆخی کەرکووک زۆر باشە و ھیچ شتێک لە ئارادا نییە، ئومێد دەکەین باشتریش بێت، ئێستا ئەمنیەتی کەرکووک لە ھەموو جێگەیەک باشترە".

پێشووتریش لە کابینەی عادل عەبدولمەھدی و مستەفا کازمی، بڕیاری ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک درا، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێنەکرا، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەش، رادەستکردنی مەلەفی ئەمنی لە سوپاوە بۆ پۆلیس و دەستبەکاربوونی لیوا ھاوبەشەکان بە چارەسەردەزاندرێت.

دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت: "لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە بارودۆخی ئەم ناوچانە ناسەقامگیرە و حوکمی سەربازی ھەیە، پێکھێنانی ھێزی ھاوبەش و جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێویستە، بۆ ئێستا ئەم بابەتانەش کورد لە کابینەی نوێی حکومەت قسەی لەسەر کردووە".

ماوەی چەند ساڵێکە لە سنووری کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، دەسەڵاتی سەربازی حوکمی شارەکان دەکات و مەلەفی ئەمەنی لەپۆلیس و ھێزە ناوخۆییەکان وەرگیراوەتەوە.