خەلیل ئیبراهیم: جگە لە گفتوگۆ هیچ بەدیلێکی دیکەمان نییە

"پارتی و یەکێتی و ئامادەن لەسەر مێزێک گفتوگۆ بکەن"
خه‌لیل ئیبراهیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
خه‌لیل ئیبراهیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان

K24 – هه‌ولێر:

خه‌لیل ئیبراهیم، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، جگە لە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هیچ بەدیلێکی دیکە لە بەردەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە، پارتی و یەکێتیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆئەوەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکەن.

لە میانی به‌شداریكردنی له‌ بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کەناڵی کوردستان24، خەلیل ئیبراهیم کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، پێشوازی لە هەوڵەکانی پارتی دەکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، یەکێتیش ئەوەی راگەیاندووە، کە دەیەوێت بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەمەش هەنگاوێکی باشە.

خەلیل ئیبراهیم گوتی: "ئێمە دەڵێین جگە لە گفتوگۆ و دانیشتن لەسەر مێزێک بۆ دیاریکردنی چارەسەری کێشەکان، هیچ بەدیلێکی دیکە نییە، نابێت لە راگەیاندنەوە کێشەکان باس بکرێن، بەڵکو دەبێت لە ناو کۆبوونەوەکاندا یەکلایی بکرێنەوە، ئێستاش ئیرادە و ئامادەیی هەیە بۆ گفتوگۆ، ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنییە و ئێمە هاندەری پارتی و یەکێتی دەبین بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئاماژەی بەوەشدا، "هێشتا سەرەتایە و پارتی و یەکێتی و ئامادەن لەسەر مێزێک گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین لەسەر پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی و چاکسازی، ئامادەبکرێت و وەک میساق شەرەفێک ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان".

بەگوتەی خەلیل ئیبراهیم، کێشەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەی نێوان ده‌سته‌بژێری سیاسی هه‌رێمی کوردستانە، دەبێت ئەوان کێشەکانیان چارەسەر بکەن و متمانە لای هاووڵاتیان دروستبکەنەوە، هاووڵاتیانیش بەشێک لە بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، بەوەی سزای ئەو لایەنانە بدەن، کە هەنگاونانێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهێنانی چاکسازیی.

کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، حزبەکەی بە ئۆپۆزسیۆنێکی "راستەقینە" وەسفکرد و گوتی: "چاودێری کارەکانی حکومەت دەکەین و هەموو رێگەیەکمان لەمبارەیەوە بەکارهێناوە، بەڵام رەفتار و هەڵسوکەوتمان لە چوارچێوەکی دیاریکراودایە و وەک هەندێک هێز و لایەنی دیکە مامەڵە ناکەین".

دوێنی چوارشه‌ممه (14ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022) شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌ممه‌د، هۆشیار زێباری و جه‌عفه‌ر ئیمێنكی له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو كۆبووه‌وه‌.

دوای کۆبوونەوەکە، مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی رایگەیاند، پارتی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە.

به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی زه‌مینه‌ی ئاشته‌وایی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گێڕانی ڕۆڵێكی میدیایی نیشتمانیانه‌، دامه‌زراوه‌ی میدیایی كوردستان24، وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌ستپێشخه‌ری ئاشته‌وایی له‌ ژێر هاشتاگی " #بەیەکەوەبوون_کوردستان_بەهێزتر_دەکات" هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ میانیدا بۆچوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیی و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ ئامانجی له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.