ئه‌مه‌ریكا.. به‌ پڕۆژه‌یاسایه‌ك هه‌وڵی قه‌ده‌غه‌كردنی تیك تۆك ده‌درێت

لۆگۆی تیك تۆك
لۆگۆی تیك تۆك

K24 – هه‌ولێر:

پڕۆژە یاسایەک لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پەسەندکرا بۆ قەدەغەکرنی تیک تۆک لە فەرمانگەکاندا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، پڕۆژە یاسایەکی پەسەندکرد، بەمەبەستی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی تیک تۆک لەلایەن فەرمانبەرانی فیدراڵی ئەمەریکاوە، لە فه‌رمانگه‌كانی دەوڵەتدا.

پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە (14ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022) ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکادا بوو، پێویستە پڕۆژە یاساکە دواتر، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پەسەندبکرێت، پاشان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بە واژووکردنی پەسەندی بکات، هەروەها دەبێت پێش کۆتایی هاتنی وەرزی یاسادانان و هاتنی سەری ساڵی نوێ، پڕۆژە یاساکە بچێتە ئەنجوومەنی نوێنەران.

لە ئەمەریکا، دەسەڵاتی یاسا دانان بەسەر دوو ئەنجوومەندا دابەشبووە، کە پێکهاتوون لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ پەسەندکردنی پرۆژە یاساکان دەبێت هەردوو ئەنجوومەنەکە رەزامەندی دەرببڕن، لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی پیراندا پڕۆژە یاسایەکی دیکە دژی تیک تۆک دەرچوو، بەڵام دواتر لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند نەکرا.

بەرپرسانی ئەمەریکا لە رابردوودا، چەندینجار پەنجەی تۆمەتیان بۆ تیک تۆک راکێشا، بەوەی زانیاری بەکارهێنەرانی دەداتە وڵاتی چین، بەڵام تیک تۆک ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.

تیک تۆک یەکێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیاتر پشت بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ دەبەستێت، ژمارەی بەکارهێنەرانی زیاترە لە ملیارێک و 500 ملیۆن، زۆرینەی پشکەکانی کۆمپانیاکە، لەلایەن سەرمایەدارانی چینەوە خاوەندارێتی دەکرێت، ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش وەک کارکردنی یاسادانەرانی ئەمه‌ریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆمپانیا چینییەکان لێکدانەوەی بۆکراوە.