ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی: هەرکاتێک یەکێتی ئامادەبێت سەردانیان دەکەین

K24 - سەرهەنگ:
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێت، هەرکاتێک یەکێتی ئامادەبێت، سەردانیان دەکەن و دەشڵێت، پارتی و یەکێتی جگە لە دانیشتن و گفتوگۆ هیچ رێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە.
بڵند ئیسماعیل ئەندامی، کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە میانەی بەشداریکردنی لە رووماڵێکی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەر یەکێتی نیگەران نییە ئەوانیش زۆر نیگەرانییان لەو حزبە هەیە بەڵام نایانەوێت لە سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکانەوە پەیام بنێرێن و خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی پێ نیگەران بکەن.
بە بۆچوونی بڵند ئیسماعیل، " کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەورەکراون و دەکرێت بە دانیشتێک یان دوو دانیشتن هەمووی چارەسەربکرێن" پێشیوایە زۆر شتی دیکەی گەورە هەیە دەتوانن بەیەکەوە ئیشی لەسەر بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "ناکرێت هیچ حزبێکی سیاسی هەڕەشەی دوو ئیدارەیی یان کشانەوە لە حکومەت یان چوونە باوەشی بەغدا وەک کارتێکی سیاسی بەکاربهێنێت یان خۆی بە خاوەنی سامانی ناوچەیەک بزانێت بۆ ئەوەی هەڕەشەی لایەنێکی دیکەی پێ‌بکات، ئەمانە هێڵی سوورن نابێت هیچ لایەنێک دەستییان بۆ ببات".
ئەو ئەندامەی کۆمیەتی ناوەندی پارتی گوتیشی، " بووەتە کو‌لتوور حزبە سیاسییەکان هەموو بابەتەکان دەقۆزنەوە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ هەروەها ئەوەش بووەتە کو‌لتوور بەشێک لە لایەنەکان لە حکومەت بەشدارن و پێیەکیشیان لە ئۆپۆزسیۆنە" کە بە بۆچوونی ئەو یاریکردن لەم نێوەندەدا زۆر هەڵەیە.
به مه‌به‌ستی درووستكردنی زه‌مینه‌ی ئاشته‌وایی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گێڕانی ڕۆڵێكی میدیایی نیشتمانیانه، دامه‌زراوه‌ی میدیایی كوردستان24، وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌ستپێشخه‌ری ئاشته‌وایی له ژێر هاشتاگی " #بەیەکەوەبوون_کوردستان_بەهێزتر_دەکات" هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی ده‌ستپێكردووه و له میانیدا بۆچوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیی و كه‌سایه‌تییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به ئامانجی له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.