هێزێکی ئەمنی کەرکووک هاووڵاتییەکی کورد دەستگیردەکات و دواتر تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری دەکاتەوە

.
.

K24 – کەرکووک

درەنگانی شەوی رابردوو هێزێکی ئەمنی لە کەرکووک هاووڵاتییەکی کورد دەستگردەکەن و ئەمڕۆ تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری دەکەنەوە.

پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو هاووڵاتییەکی کورد بەناوی عەبدولقادر سەباح، لە دایکبووی 1977، لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکراوە، ئەمڕۆ لە پزیشکی دادی تەرمەکەیان رادەستی کەسوکارەکەی کردووەتەوە.

راشیگەیاند، ئەو هاووڵاتییە فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک بوو، لەلایەن فەرمانبەرێکی هەمان بەڕێوەبەرایەتییەکە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

برایەکی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە بە کوردستان24ی گوت: "کاتژمێر یەکی بەرەبەیانی هێزێک هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم و کاتژمێر دوو هەواڵیان پێداین وەرن تەرمی کوڕەکەتان لە پزیشکی دادی ببەنەوە، ئەو هیچی لەسەر نەبوو خۆشی فەرمانبەر بوو، چۆن دەبێت بەوشێوەیە دەستگیربکرێت و گیان لەدەستبدات".

مامی عەبدولقادر، دەڵێت: "برازاکەم فەرمانبەر بوو، ئەگەر سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، دەیانتوانی بە رۆژ لە دەوام بە پۆلسی دەستگیری بکەن، نەک شەو لەلایەن هێزی ئاسایشی نیشتمانی هەڵکوتەنە سەر ماڵەکەی".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گیان لەدەستدانی هەواڵیان بە موختاری گەڕەکەکە داوە، بۆ ئەوەی کەسوکاری ئاگادار بکاتەوە و بێن تەرمەکەی ببەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە ساڵی 2021 کەسێک سکاڵای لەسەر ئەو هاووڵاتییە تۆمارکردووە.