پارێزگاری سلێمانی: ئێمە لەگەڵ یەکبوونین و دژی کەرتبوونین

"پڕبەدڵ پێشوازی لە دەستپێشخەری دەکەین بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەکان"

K24 - سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات، بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەکان و دەڵێت "ئێمە دژی کەرتبوونین و لەگەڵ یەکبوونداین".

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ی کانوونی یەکەمی 2022) بە کوردستان24ی راگەیاند "پڕ بەدڵ پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ ئاشتەوایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام دەخوازین کە ئەمە تەنها لەسەر ئاستی راگەیاندن، هێزە سیاسییەکان و حوکمرانی نەمێنێتەوە و شۆڕبێتەوە بۆ ئاستی کۆمەڵگا، چونکە بەهۆی پەرتی و کەرتی لایەنەکانەوە، تەونی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا شێواوە، بێ متمانەیی و بێ ئیرادەیی و بێ ئیدارەیی دروستبووە".

پارێزگاری سلێمانی داواشکرد، هەنگاوەکان بە ئاراستەی ئاشتەوایی راستەقینەی دادپەروەرانەی هاوسەنگ بن و گوتیشی "ئێمە پڕبەدڵ پێشوازی لە یەکبوون دەکەین، نەک یەکڕیزی، تەنانەت ئێمە لەگەڵ یەکڕیزیش نین لەگەڵ یەکبوونداین، لەگەڵ کەرت بوون و پەرت بووندا نین، ئێمە پێمان وایە ماکی مانەوەی کورد، لەم قۆناغە هەستیارەدا، یەکبوون و هاوئامانجی و یەکخستنی نیشتیمانەکەمانە".

هەڤاڵ ئەبوبەکر، تکای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە ئەگەر دەستیشیان بە خوێنی یەکتر سووربووە، با کێشەکان کۆتایی پێبهێنن و تەواوی بکەن، چونکە ئەزموون لایەنەکانی هێناوەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەرئەنجامەکەشی ئەم کیانەی هەرێمی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشدا، کە "پێویستە پارتی و یەکێتی ئیرادەیان هەبێت و بیر لەوە بکەنەوە کوردستان بە کوێ دەگات؟ نەک خۆیان، لایەنەکانی دیکەش بەرپرسن و نابێت گۆڕەپانەکە تەنها بۆ پارتی و یەکێتی جێبهێڵن، نابێت پارتی کە داوای هەموو سەرۆکایەتییەکان دەکات، لەکاتی تێکچوونی پەیوەندییەکاندا، لەو دیو دێگەڵەوە سنوورەکە بۆ یەکێتی جێبهێڵێت، نابێت لایەنەکانی دیکەش، سنوورەکە بۆ پارتی و یەکێتی جێبهێڵن، ئێمە هەموومان بەرپرسیارین لەم وڵاتەدا، وەک چۆن دەڵێن کەشتییەکە هەموومانی لەسەرین".

پارێزگاری سلێمانی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، کە لایەنە سیاسییەکان، ئەزموونێکی درێژی ململانێ و شەڕ و ئاشتیان هەیە، بۆیە دەبێت دڵنیابن ئەوەی لە ئاشتیدا بەدەستیانهێناوە، نەیانتوانیوە بە ململانێ و شەڕ بەدەستیبهێنن، بۆیە دەبێت بچنە سەر رێگە راستەکەی ئاشتی.

دوای کۆنگرەی 14ی پارتی لە سەرەتای مانگی رابردوودا، پارتی بڕیاری دا لاپەڕەیەکی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەڵبداتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنی چوارشه‌ممه (14ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022) شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌ممه‌د، هۆشیار زێباری و جه‌عفه‌ر ئیمێنكی له‌ شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو كۆبووه‌وه‌، بڕیارە لە داهاتووشدا سەردانی لایەنەکانی دیکەش بکەن، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان.

به‌ مه‌به‌ستی درووستكردنی زه‌مینه‌ی ئاشته‌وایی له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گێڕانی ڕۆڵێكی میدیایی نیشتمانیانه‌، دامه‌زراوه‌ی میدیایی كوردستان24، وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌ستپێشخه‌ری ئاشته‌وایی له‌ ژێر هاشتاگی " #بەیەکەوەبوون_کوردستان_بەهێزتر_دەکات" هه‌ڵمه‌تێكی میدیایی ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ میانیدا بۆچوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیی و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌ ئامانجی له‌یه‌ك نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.