ئێران ئیدانەی بڕیاری دەرکردنی لە کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی ژنان دەکات

دوو ژن له‌ شه‌قامێكی ئێراندا
دوو ژن له‌ شه‌قامێكی ئێراندا

K24 – هه‌ولێر:

كۆماری ئیسلامی ئێران ئیدانەی بڕیاری دەرکردنی لە کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی مافەکانی ژنان دەکات و، ئەمەریکا بە فشارکردن لە وڵاتان تۆمەتبار دەکات.

رۆژی پێنج شەممە (15ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022) ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران(ئیرنا) بڵاویکردەوە، ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، "ئەو رێوشوێنە لایەنگرییەی ئەمه‌ریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵێکە بۆ سەپاندنی داواکارییە سیاسییە تاکلایەنەکان و پشتگوێخستنی رێکارەکانی هەڵبژاردن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان".

کەنعانی لە راگەیەندراوکەدا بڕیارەکەی بە سیاسی و نایاسایی ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو بڕیارە هیچ شەرعیەتێکی یاسایی نییە و دەبێتە هۆی درووستکردنی رێچکەیەکی هەڵە لەو رێکخراوەدا.

رۆژی چوارشممە (14ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022) 29 ئەندامی ئەنجوومەنی ئابووری کۆمەڵایەتی نەتەیەوەکگرتووەکان دەنگیاندا بە دەرکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان.

لە دەنگدانەکەدا هەشت ئەندام لە دژی پێشنیازە دەنگیاندا و 16 ئەندامیش نە بە بەڵێ و نە بە نەخێر دەنگیان نەدا.

لە بڕیارەکەدا ئێران تۆمەتبارەکراوە بەوەی بەردەوام لە هەوڵی  تەسکردنەوەی مافەکانی مرۆڤدایە و بەشێوەیەکی توند و بە بەکارهێنانی هێز مافەکانی ژنان و کچان سەرکووت دەکات .

بە گوێره‌ی راپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤی هرانا، لە (16ـی ئەیلوول/سێپتێمبه‌رەوە تا 25ـی تشرینی دووەم/نۆڤێمبه‌ری 2022)، خۆپێشاندان به‌هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی، كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاكاری ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو دواتر گیانی له‌ده‌ستدا، لە 156 شار و شارۆچکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان به‌رده‌وامه‌ و بەهۆی کاردانەوەی توند و تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، 448 خۆپێشاندەر و لەوانە 63 مێردمنداڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.