فێردیناند براوەی مۆندیالی 2022 ده‌ستنیشان ده‌كات

ریۆ فێردیناند به‌رگریكاری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵاند
ریۆ فێردیناند به‌رگریكاری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئینگڵاند

ڕیۆ فێردیناند بەرگریکاری پێشووی ئینگڵاند و مانچێستەر یونایتد، به‌ربژێری دڵخوازی خۆی بۆ بردنەوەی جامی جیهانی قەتەری ٢٠٢٢ـی نێوان ئارجێنتینا و فەرەنسا ئاشکرا کرد.

بڕیاره‌ رۆژی یەکشەممەی داهاتوو له‌ كاتژمێر 06:00ـی ئێواره‌ به‌ كاتی هه‌ولێر، یاریی كۆتایی جامی جیهانی 2022 له‌ نێوان فەرەنسا و ئارجێنتینا لە یاریگای لۆسێل به‌ڕێوه‌بچێت.

فەرەنسا دوای ئەوەی لە قۆناغی پێش کۆتاییدا بە ئەنجامی 2-0 لە مەغریبی بردەوە، گەیشتە یاری کۆتایی مۆندیال، له‌ به‌رامبه‌ردا ئارجێنتیناش لە هەمان قۆناغدا لەسەر حیسابی هەڵبژاردەی کرواتیا بە ئەنجامی 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

فێردیناند لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ڕادیۆی "بی بی سی"ـی بەریتانیا، رایگه‌یاند ئه‌ستێره‌كانی مۆندیال به‌ختیان هه‌یه‌ هاوشانی لیۆنێل مێسی یارییان كردووه‌.

فێردیناند گوتیشی: کاتێک پرسیار دەکرێت، کێ باشترە، مێسی یان مارادۆنا، ​​و خەڵک دەڵێن مێسی جامی جیهانی نەبردەوە، پێموایە کە ئەم پاڵەوانێتییە ڕەنگە دەرفەتی ناوازەی ئەو بێت بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، بۆیه‌ ئارجێنتینا به‌ نزیكتر ده‌بینم بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌.