گەندەڵی لە ژەمەخۆراکی زیندانییەکانی عێراق ئاشکرابوو

K24 - هه‌ولێر:

مستەفا جەبار ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، گەندەڵییەکی گەورە لە ژەمەخۆراکی بەندکراواندا کراوە و دۆسییەکەیان ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی کردووە.

مستەفا ئاماژەی بەوەداوە، ژمارەی زیندانیکراوان لەنێوان 75 بۆ 100 هەزار کەسدایە، بەپێی رێککەوتنی وەزارەتی داد و کۆمپانیای میقاتی سەربە دەستەی حەج و عومرە تێچووی سێ ژەمەخۆراکی رۆژانەی هەر بەندکراوێک بڕی 10.900 دینار تەرخانکراوە.

دەشڵێت، نرخی سێ ژەمەکە لە 5 هەزار دینار تێپەڕناکات و زۆربەی بەندییەکان نایخۆن.

بەشێوەیەکی گشتی مانگانە 14 ملیار دینار و ساڵانە 170 ملیار دینار خەرج دەکرێت، بەگوێرەی گرێبەستە حەوت ساڵییەکە کە لە ساڵی 2021 کراوە 1 ترلیۆن و 18 ملیار دینار بەهەدەر دەچێت.