پارێزگاری سلێمانی لە رۆژی ئاڵادا داوایەک لە پارتی و یەکێتی دەکات

"لەپێناو ئاڵای کوردستان و خوێنی شەهیدەکانماندا کۆببنەوە و لەیەکتر تێبگەن و وڵات بگەیەننە کەنارێکی ئارام"
هەڤاڵ ئەبوبەکر
هەڤاڵ ئەبوبەکر

K24 - سلێمانی:

لە رێورەسمی رۆژی ئاڵای کوردستاندا، پارێزگاری سلێمانی داوا لە لایەنە سیاسییەکان کرد، یادی رۆژی ئاڵا بکەنە دەرفەتێکی زێڕێن بۆ تێپەڕاندنی کێشەکان.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە (17ی کانوونی یەکەمی 2022) لە رێورەسمی رۆژی ئاڵای کوردستاندا گوتی "پیرۆزبایی رۆژی ئاڵای کوردستانتان لێدەکەین، ئەمڕۆژە بۆ ئێمە گرنگە، چونکە ئەوەی یەکیخستووین، زمان و مێژوو کولتوور و قوربانییەکان و ئاڵاکەمانن، رەنگی سوور هێمای قوربانیدانمانە، لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا، بۆئەوەی قوربانییەکانمان بەهەدەر نەچێت، با پێکەوە کاربکەین بۆئەوەی بەهێزتربین".

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییە سیاسییەکان، پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "داوا لەلایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی، پارتی و یەکێتی دەکەین، ئەمرۆ بە دەرفەتێکی زێڕین بزانن، بۆئەوەی هەموو ناکۆکی و کێشەکان تێپەڕێنن و لەپێناو ئاڵای کوردستان و خوێنی شەهیدەکانماندا کۆببنەوە، لەیەکتر تێبگەن و وڵات بگەیەننە کەنارێکی ئارام، کۆتایی بە هەر ناکۆکییەک بهێنن لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا".

ئاماژەی بەوەشدا، کە لە رۆژی ئاڵای کوردستاندا دوو بۆنەی جیاواز لە هەرێمی کوردستان هەیە، یەکێکیان خۆشی دەربڕینە بۆ رۆژی ئاڵا و ئەوەی دیکەش، ماتەمینی گێڕانە بۆ هێنانەوەی تەرمی (ئاکام عومەر) فەرماندەی هێزی کۆماندۆی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشکرد، رۆژە خۆشەکانی گەلی کورد، بەرهەمی قوربانیدان و خوێنی شەهیدەکانە لەپێناو پاراستنی خاک و نیشتماندا.

رۆژی 19/6/2004 پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (48)، رۆژی (17ی کانوونی یەکەمی) هەموو ساڵێکی بە رۆژی ئاڵای کوردستان ناساند، ساڵانەش بەو بۆنەیەوە لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندا رێورەسمی تایبەت بە ئاڵا بەڕێوەدەچێت، لە ناوەندەکانی خوێندنیشدا، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت.

ھۆکاری دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکانی کۆماری كوردستان هێنرانە خوارەوە و پارێزگاریان لێکرا.

دواى شه‌كانه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریكردن له‌ شەڕی دژی تیرۆر، ئاڵای كوردستان له‌ سه‌رجه‌م سه‌كۆ جیهانییه‌كان بووه‌ سیمبولێكی ناسراو و هێمای به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:

رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.

رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.

رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.

رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاویەتی.