تەرمی گەنجێک بە کوژراوی لە گۆڕستانی قەڵادزێ دۆزرایەوە

K24 – رانیە

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک بە کوژراوی لە گۆڕستانی قەڵادزێ دۆزرایەوە "دەگوترێت شوێنەواری لێدان بە جەستەیەوە دیارە".

پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند، ئەو گەنجەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە ناوی شوانە حەمەد مەمەند-ە.

کەسوکاری کوژراوەکە بە پەیامنێری کوردستان24یان گوتووە "شوانە شوفێری حەفارە بوو لەوکاتە حەفارەی پێبووە چووە بۆ ناوچەی خاس لە قەڵادزێ لەوێ کوژراوە و تەرمەکەی لە گۆڕستانی خاس فڕێدراوە.

کەسوکاری شوانە ئاماژەیان بەوەشکرد، دوژمنایەتی و ناخۆشیان لەگەڵ کەس نەبووە و تائێستا هۆکاری کوشتنەکەی نازانرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە، بە بوونی حاڵەتێکی کوشتن لە گەڕەکی راپەڕین نزیک گۆڕستانی راپەڕین، پاشان دەرکەوت هاووڵاتیەک بەناوی (ق. م . م) رەگەزی نێر، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی (ئیمام قاسم) پیشەی پێشمەرگە لە لیوای 7ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە تەرمەکەی لەسەر شۆڤڵەکەی دۆزراوەتەوە".

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەکان لەکاتی چوونی بۆ سەر کار بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژی گولـلـەی لێ کراوە و بەو هۆیەشەوە بەسەر شۆفڵەکەیەوە کوژراوە، کە شوێنەواری دوو فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە.