ساڵح موسلیم: واز له‌ سیسته‌می فیدراڵی ناهێنین

نزیكبوونه‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌ و مۆسكۆ كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان نابێت

K24 – هه‌ولێر

هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌، ساڵح موسلیم رایگه‌یاند ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی روسیا و توركیا كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی بۆ سه‌ر پرۆژه‌ی فیدراڵی له‌ رۆژئاوای كوردستان نابێت.

موسلیم هه‌روه‌ها باس له‌ پشتگیری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووكانی ئه‌مریكا كرد، كه‌ سه‌رچاوه‌كان باس له‌ هه‌بوونی سێ بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ن و هاوپه‌یمانی نێوده‌وله‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا پشتیگری هه‌وایی دژی داعش بۆ هێزه‌كانی رۆژئاوای كوردستان دابین ده‌كات.

موسلیم له‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی " الحیاة"، هه‌ر جۆره‌ گۆڕانكارییه‌ك له‌ پرسی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان له‌ژێر كاریگه‌ری ئاساییبوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ پرۆژه‌ی فیدراڵی تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ پێكهاته‌كانی سوریا له‌گه‌ڵمان بن به‌رده‌وام ده‌بێت و سازش له‌سه‌ر پرۆژه‌ی فیدراڵی ناكه‌ین و ده‌ست له‌ پێكه‌وه‌ به‌ستنی هه‌رێمه‌كانی باكوور هه‌ڵناگرین و زوو یان ده‌ره‌نگ عه‌فرین به‌م هه‌رێمه‌ فیدراڵییه‌ په‌یوه‌ست ده‌بێت.

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سوریا دیموكراتیك پێداگری له‌سه‌ر به‌رفراوانكردنی ناوچه‌كانی فیدراڵی كرده‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ به‌ رزگاركردنی ناوچه‌ داگیراوه‌كانی نێوان منبج و عه‌فرین ده‌كات.

ئیلهام ئه‌حمه‌د گوتی نزیكبوونه‌وه‌ی توركیا و سوریا، كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر رۆژئاوای كوردستان و پڕۆژه‌كه‌مان نابێت كه‌ بۆ ته‌واوی سوریایه‌ و هێزێكی گه‌وره‌ی وه‌ك روسیا دژی هێزه‌كانمان ناوه‌ستێت كه‌ رۆڵێكی به‌رچاومان له‌ ده‌ركردنی داعش هه‌یه‌. به‌ڵام كاریگه‌ری بۆ سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی سوریا زیاتر ده‌بیت، كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پشتیان به‌ توركیا به‌ستووه‌.