ئیلۆن مەسک هەڵایەکی گەورەی ناوەتەوە

یەکێتی ئەوروپا هەڕەشەی سزادانی مەسک دەکات
ئیلۆن مەسک
ئیلۆن مەسک

K24 - سلێمانی

ئیلۆن مەسک هەڵایەکی گەورەی دروستکردووە و هەژماری ژمارەیەک رۆژنامەنووسی ئەمەریکی لە تویتەر راگرتووە، نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی دەکات و یەکێتی ئەوروپاش هەڕەشەی سەپاندنی سزای توند دەکات بەسەریدا.

ستێڤانی دوجاریک گوتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "زۆر نیگەرانن لە راگرتنی هەژماری رۆژنامەنووسان لە تویتەر، نابێت دەنگی میدیاکان لەسەر پلاتفۆڕمێک بێدەنگ بکرێن کە رایگەیاندووە، فەزای ئازادییە".

ستێڤانی دەشڵێت، "بڕیارەکەی تویتەر پێشینەیەکی مەترسیدارە لەکاتێکدا کە رۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهان رووبەڕووی سانسۆر و هەڕەشەی جەستەیی دەبنەوە".

هەروەها ڤێرا جۆرۆڤا جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هەواڵی راگرتنی هەژماری رۆژنامەنووسان لە تویتەر بە  بێزارکەر ناودەبات و دەڵێت "یاسای تایبەت بە خزمەتگوزارییە ژمارەییەکان لە یەکێتی ئەوروپا کە هاوینی داهاتوو دەکەوێتە کار بەسەر هەموو گرووپە زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیادا جێبەجێدەکرێت، کە تێیدا جەختدەکاتەوە لەسەر "رێزگرتن لە ئازادی راگەیاندن و مافە بنەڕەتییەکان".

جۆرۆڤا گوتیشی "پێویستە ئیلۆن مەسک تێبگات کە هێڵی سوور هەیە و بەم زووانە سزاکان دەسەپێنین".

هەروەها پەیامنێرانی بێسنوور لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "ئیدی بەسە زوڵمکردنی پلاتفۆڕمەکان، پێویستە بەڕێوەبردنی ئەو پلاتفۆڕمانە دیموکراتیانە بن پێش ئەوەی دیموکراسی بکەنە بنەمای کارکردنیان".

ئەوەش دوای ئەوە هات، تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هەژماری دەیان رۆژنامەنووسی ئەمەریکی راگرت لە نێویشاندا، دۆنی ئۆسولیڤان رۆژنامەنووسی سی ئێن ئێن، راین ماک رۆژنامەنووسی نیویۆرک تایمز و درو هاوێڵ رۆژنامەنووسی واشنتن پۆست لەگەڵ چەندین رۆژنامەنووسی سەربەخۆ.

تویتەر هۆکاری راگرتنی ئەو هەژمارانەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام هەندێکیان تویتیان لەسەر بڕیارێکی تویتەر کردووە، کە رۆژی چوار شەممە دەریکرد کە بڕیاریدا بە راگرتنی هەژمارێک کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چاودێری گەشتەکانی ئیلۆن مەسکی دەکرد لە فڕۆکە تایبەتەکەیدا.

پێشتر ئیلۆن مەسک رایگەیاندبوو، ئەو ئەکاونتانەی پەیوەندییان بە بڵاوکردنەوەی زانیارییە کەسییەکانەوە هەیە بۆ ماوەی حەوت رۆژ بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێن و جەختیشکردبووەوە، ئەم یاسایە  رۆژنامەنووسانیش دەگرێتەوە.