کحولی ژەهراوی لە ویلایەتێکی هیندستان 37 کەس دەکوژێت

راپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان باس لە گیانلەدەستدانی 70 کەس دەکەن
خواردنەوەی کحولی
خواردنەوەی کحولی

K24 - هەولێر:

بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوی لە ویلایەتێکی هیندستان کە خواردنەوەی مەی تێیدا قەدەغەکراوە، لانیکەم 37 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بە گوتەی بەرپرسانی ویلایەتی بیهار، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوییەوە لانیکەم 37 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەو ئامارەی بەرپرسانی ویلایەتەکە لەکاتێکدایە کە راپۆرتە پشتڕاستنەکراوەکان باس لە گیانلەدەستدانی 70 کەس دەکەن بەهۆی کحولی ژەهراوییەوە.

خواردنەوە و فرۆشتنی مەی (خواردنەوەی کحولی) لە چەند ناوچەیەکی هیندستان قەدەغەیە و، ئەمەش بازاڕێکی نایاسایی بۆ مامەڵەکردن بە خواردنەوە کحولییەکان هێناوەتە ئاراوە، کە ساڵانە سەدان کەس بەهۆی کحولی ژەهراوییەوە گیان لەدەستدەدەن.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هیندستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی خواردنەوەی کحولی ژەهراوییەوە 37 کەس گیانیان لەدەستداوە. 

لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 100 کەس بەتۆمەتی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خواردنەوەی کحولی لە ویلایەتی بیهار دەستگیرکراون، جگە لەوەش 600 لیتر خواردنەوەی کحولی دەستی بەسەرداگیراوە.