هۆگۆ لۆریس: کاتێک رووبەڕووی مێسی دەبیتەوە ده‌بێت حیسابێکی تایبەتی بۆ بکەیت

هۆگۆ لۆریس كاپتن و گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا
هۆگۆ لۆریس كاپتن و گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا

هۆگۆ لۆریس گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌یان به‌رامبه‌ر فه‌ره‌نسا له‌ یاریی كۆتایی مۆندیالی 2022 رایگه‌یاند کاتێک رووبەڕووی مێسی دەبیتەوە پێویستە حیسابێکی تایبەتی بۆ بکەیت، ده‌شڵێت: به‌شێك له‌ یاریزانه‌كانمان تووشی ڤایرۆس بوونه‌وه‌ و ئاگامان لێیان نه‌ماوه‌.

هۆگۆ لۆریس گۆڵپارێزی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا پێش یاریی كۆتایی مۆندیالی قه‌ته‌ر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ لەوەتەی شەوی رابردووەوە هیچ هەواڵێکی نوێ لەبارەی ئەو یاریزانانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون نازانێت، ده‌شڵێت: تاکو ئێستا هیچ یەکێک لەوانم نەبینیوە و بەیانی کە ژەمی بەیانیم خوارد ئەوان هێشتا لە ژوورەکانیان بوون، کەس ناتوانێت پێشبینی بۆ ئەم پێشهاتانە بکات و بۆ ئێمەش چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام پێویستە ئێمە بەباشی خۆمان بۆ یاریی کۆتایی مۆندیال ئامادە بکەین و رێگا نەدەین ئەم پێشهاتە کاریگەریی لەسەر ئامادەکارییەکانمان دروست بکات.

هۆگۆ لۆرێس كاپتن و گۆڵپارێزی كه‌ڵه‌شێره‌كان گوتیشی: ئارجێنتینا تیپێکی زۆر بەهێزی هەیە و ئەوان لە تێکشکاندنی هێڵی بەرگری تیپی رکابەریان زۆر لاسارن، ئەوان بە درێژایی مێژوو کۆمەڵێک یاریزانی نایابیان هەبوو، ئەوان لە رابردوودا مارادۆنایان هەبوو ئێستاش مێسییان هەیە کە یەکێکە لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ.

لۆریس ده‌شڵێت: ناکرێت هەموو یارییەکە تەنیا لە یەک یاریزان کۆبکرێتەوە، ئەم یارییە لە نێوان دوو هەڵبژاردەی زۆر گەورە و دوو وڵاتی گەورە دەکرێت، ناکرێت یارییەکە تەنیا لە یەک یاریزان بچووک بکرێتەوە، بەڵام بێگومان راستە کاتێک رووبەڕووی مێسی دەبیتەوە پێویستە حیسابێکی تایبەتی بۆ بکەیت، ئەوان کۆمەڵێک یاریزانی لاویان هەیە و هەموویان لەپێناوی مێسی یاریی دەکەن، پێویستە کلیلی یارییەکە بدۆزینەوە و لێیان ببەینەوە.

لۆریس ده‌شڵێت: من شانازی بەوە دەکەم چوار ساڵ لەمەوبەر جامی جیهانیم بەرزکردەوە و من دەبمە یەکەم کاپتن دوو جار جامی جیهانی بەرز بکەمەوە، بۆیە تەنیا بیر لەم مۆندیالە دەکەمەوە و بیر لە رووداوەکانی مۆندیالی رابردوو ناکەمەوە.

لۆریس گوتیشی: ئێمە گرنگی بەوە نادەین کە هاندەری ئارجێنتینا زۆرن و زۆربەی خەڵکی جیهان لەبەر مێسی حەز دەکەن ئارجێنتینا جامی جیهانی بباتەوە، ئێمە دەمانەوێت مێژوو بۆ فەرەنسا بنووسینەوە.

بڕیاره‌ سبه‌ی له‌ یاریی كۆتایی جامی جیهانی 2022، له‌ یاریگه‌ی لوسێل له‌ كاتژمێر 06:00ـی ئێواره‌ به‌ كاتی هه‌ولێر هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا و ئارجێنتینا رووبه‌ڕوو یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.