ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان: ستراتیژی وه‌به‌رهێنان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا رووەو پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیارییه‌

ستراتیژی وه‌به‌رهێنان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا رووەو پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیارییه‌
ستراتیژی وه‌به‌رهێنان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا رووەو پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیارییه‌

K24 - هه‌ولێر:

ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئاراستەی وەبەرهێنانی كابینه‌ی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رووەو بازرگانی، پیشەسازی و گەشتیارییه‌، پتر لە 60٪ـی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەم سێ سێکتەرەن و قەبارەی سەرمایەی پڕۆژەکانی ئەم سێكته‌رانه‌ش گەیشتووەتە 43 ملیار دۆلار.

بە گوێره‌ی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، وەبەرهێنەران لە هەریەکە لە سێکتەرەکانی بازرگانی، گەشتوگوزار و پیشەسازی، روویان لە وەبەرهێنان کردووە، لە کاتێکدا پێشتر پشکی شێر بەر سێکتەری نیشتەجێبوون کەوتبوو.

لە داتاکانی دەستەی وەبەرهێناندا کە کۆپییەکی دەست کوردستان 24 کەوتووە، ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەی پڕۆژەکان لە  سێکتەرەکانی بازرگانی، گەشتیاری و پیشەسازیدا گەیشتووەتە 665 پڕۆژە بە بەهای نزیکەی 43 ملیار دۆلار، ژمارەی پڕۆژەکان لە سێکتەری بازرگانیدا گەیشتووەتە 205 پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار، لە سێکتەری پیشەسازیدا 275 پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە 23 ملیار دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە، هەروەها 185 پڕۆژەش لە سێکتەری گەشتیاریدا هەن کە بەهایان زیاترە لە 15 ملیار دۆلار.

ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئێستا 61.80٪ کۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی بازرگانی، پیشەسازی و گەشتیاریدایە، هەروەها بڕی سەرمایەی بەگەڕخراو لەم سێ سێکتەرەدا 65٪ کۆی سەرمایەی وەبەرهێنانیان پێکهێناوە.

کۆی ئەو پڕۆژانەی کە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێداون، لەساڵی 2006ـه‌وه‌ تاکو مانگی 10ـی ساڵی 2022، 1076 پڕۆژەن و کۆی سەرمایەی بەگەڕخراو لەم پڕۆژانەدا زیاتر لە 65 ملیار دۆلارە، لە کابینەی نۆیەمدا ستراتیژێک خراوه‌ته‌ڕوو سەبارەت گۆڕینی ئاراستەی وەبەرهێنان رووە و پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیاری، ئەمەش زیاتر هانی وەبەرهێنانیدا تاوەکو سەرمایەگوزاری لەو سێتەرانەدا بکەن.