وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق له‌ناوبردنی بڕێكی زۆری مادده هۆشبه‌ره‌كان راده‌گه‌یه‌نێت
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی وه‌زیری ته‌ندروستی زۆرترین بڕی مادده هۆشبه‌ره‌كان له‌ناوبرا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیاری راسته‌وخۆی د.ساڵح حوسناوی، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق زۆرترین بڕی مادده هۆشبه‌ره‌كان به جۆره جیاجیاكانه‌وه كه له ماوه‌ی رابردوودا ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو له‌ناوبرا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقدا هاتووه، له پرۆسه‌كه‌دا كه له ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ته‌ندروستیدا به‌ڕێوه‌چووه، 5.9 تۆنی چه‌ندین جۆری مادده‌ی هۆشبه‌ر، 54 ملیۆن حه‌ب، 31 هه‌زار ئه‌مبول و نۆ هه‌زار بۆتڵی هۆشبه‌ر له‌ناوبران.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق، له‌ماوه‌ی رابردوودا ئه‌و بڕه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان له به‌شی پزیشكی داد هه‌ڵگیرابوون.
رۆژی شه‌ممه 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، خالید موحەنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، نزیكەی 14 هەزار بازرگان و بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەره‌كان له‌لایه‌ن ھێزە ئەمنییەکانه‌وه دەستگیرکراون.
ھاوكات وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا، چارەسەری بۆ چوار ھەزار و 500 بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەرەکان كراوە و ئاماژە بەوەشكراوە، زۆربەی بەكارھێنەرەكان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵدایه.
بەگوێره‌ی بەدواداچوونەکانی ھێزە ئەمنییەکان، بەسرە زۆرترین بازرگانی ماددەی ھۆشبەر و نەجەف و کەربەلاش زۆرترین بەکارھێنەری ماددە ھۆشبەری تێدایه، ھۆکاری بڵاوبوونه‌وه‌ی بەمشێوە فراوانەی ئێستا، ئاسان دەستکەوتن و گواستنەوەیەتی.
پێشتر عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەردا دەسەپاند، بەڵام لە ساڵی 2017 یاسایەکی دەرکرد کە بەپێی ئەو یاسایە دەتوانن لە ناوەندەکانی چاکسازی چارەسەری بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن، یان سزای 3 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت.