"بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە"

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی کاتییە و درێژە ناکێشێت

K24 – هەولێر

شارەزایەکی بانک بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ سێ هۆکار دەگێڕێتەوە و دوو هۆکار بە سەرەکی لە قەڵەم دەدات.

گوڵاڵە سدیق، شارەزای دارایی و بانک بە کوردستان24ی راگەیاند، سێ هۆکار بۆ بەرزبوونەوە بەهای دۆلار بەرامبەر بەهای دیناری عێراقی هەن، وەکخۆی دەڵێت: "هۆکاری یەکەم ئێران قەرزی لای حکومەتی عێراقە، بەهۆی خراپی رەوشی ئابووری و دارایی وڵاتەکە، ئێران داوای قەرزەکەی لە عێراق کردوەتەوە، حکومەتی عێراق بڕی دوو ملیار دولار قەرزی داونەتەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی سزاکانی ئەەمریکایە بۆ سەر ئێران، لەبەر ئەم هۆکارە داهاتی فرۆشی نەوت کە مانگانە لە بانکی فیدراڵی ئەمەریکییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بانکی ناوەندی عێراقی کەمی کردووە، بەمەش بانکی ناوەندی رۆژانە ئەو بڕە پارەی کەمکردووەتەوە کە دەخرێتە بازاڕەوە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی دولار".

بەگوتەی ئەو هۆکارێکی دیکە بانکەکانن و وەکخۆی دەڵێت: "رۆژانە چەند بانکێک دۆلار لە بانکی ناوەندی دەکڕن و دواتر دەخرێتە بازاڕەوە، بەڵام لەئێستادا 14 بانکی ئەهلی خراونەتە لیستی رەشەوە و دۆلاریان پێ نافرۆشرێت، بەبیانوی ئەوەی ئەم بانکانە دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی عێراق، بەتایبەت بۆ ئێران، سووریا و لوبنان، ئەم بانکانە خاوەنەکانیان کەسانی سیاسین و نزیکەی %40ی فرۆشی دۆلار رۆژانە بەم بانکانە دەفرۆشرا، بەهۆی ئەمەش قەبارەی دۆلار دیسان کەم دەبێتەوە لە بازاڕ، چونکە ناتوانرێت قەرەبوی ئەم %40 لە  رێگەی بانکەکانی دیکەوە بکرێتەوە".

سەبارەت بە هۆکاری سێەم گوڵاڵە سدیق، بۆ بەرپرسانی دەگەڕێنێتەوە لەو بارەوە گوتی: "بەرپرسەکان پێشووتر بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی دەیانخستە بازاڕەوە چەند جارێک بازاڕی دۆلاریان شکاندووە و دۆلاریان کڕیووە، هەندێک کات بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بۆ 137 هەزار دابەزیوە، ئێستا لەم کۆتایی ساڵە دەیانەوێت بەروبومەکانیان بچننەوە".

بە بڕوای ئەو شارەزایەی دارایی و بانک، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی کاتییە و درێژە ناکێشێت و لە ئایندەدا بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخەکانی پێشووی.

ئەمە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکا بۆ سەرووی 152 هەزار دیناری عێراقی بەرزبووەوە، بەگوتەی ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق بڕیارە له‌سه‌ر پرسی بەرزبوونەوەی به‌های دۆلار، محەممەد شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیران و پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بانگهێشتی پەرلەمان بکەن.

لە 20/12/2020 بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەمشێوەیە مامەڵەی پێوە بکرێت:

یەک دۆلاری ئەمەریکی بە 1450دیناری عێراقی، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی.

یەک دۆلاری ئەمەریکی بە 1460 دیناری عێراقی، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان لەڕێگەی زیادکردنی فەرمی.

یەک دۆلاری ئەمەریکی بە 1470 دیناری عێراقی، نرخی فرۆشتنی لەلایەن بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان بە هاووڵاتییان.

پێش ئەو بڕیارە، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 120 هەزار دیناری عێراقی بوو، بەڵام ئەو نرخەی کە بانکی ناوەندی عێراقی لە کانوونی یەکەمی 2020 دیاریکردووە، لە زۆربەی کاتەکاندا نەک هەر مامەڵەی پێوە نەکراوە، بەڵکو زۆر زیاتر بووە لەوەی دیاریکراوە.