نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی و رانیە تەرخاندەکرێت

پرۆژەی خاوێنکردنەوەی و داپۆشینی خاساک لە راپەڕین جێبەجێدەکرێت
سلێمانی
سلێمانی

K24 - سلێمانی:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندیدا لەسەر خەرجکردنی، یەک ملیار و 704 ملیۆن دینار، بۆ پرۆژەی خاوێنکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک، لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، هەروەها 879 ملیۆن دینار تەرخانکرا، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سلێمانی.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی کانوونی یەکەمی 2022) رایگەیاند، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە خزمەتکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیدا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی یەک ملیار و 704 ملیۆن دینار، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی خاوێنکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

ئەو بڕە پارەیەی بۆ پرۆژەی خاوێنکردنەوە و داپۆشینی خاشاک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین تەرخانکراوە، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی راپەرین خەرجدەکرێت.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشداوە، کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 879 ملیۆن و 505 هەزار دینار، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانیدا.

ئەو پرۆژەیەی لە سلێمانی جێبەجی دەکرێت، بریتییە لە "دەرخستەی گواستنەوەی رێڕەوی بۆریی 120 مللیمی كاربۆن ستیل لەناو بەشێك لە جیاكراوەکانی كەرتی 35ی كانیسپیكە، كە لەسەر ڕێژەی 100٪ی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، کە بەپێی پلانی ساڵی 2022 خەرجدەكرێت".