له به‌غدا 6 تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ناوبرا كه له 2009ه‌وه هه‌ڵگیرا بوو
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، نزیكه‌ی 6 تۆن مادده‌ی هۆشبه‌ری وه‌ك كۆكایین و حه‌شیش و حه‌بی كه‌بتاگۆنیان له‌ناو برد، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له كۆگادا هه‌ڵگیراوه و له‌ناونه‌براوه.
پرۆسه‌كه به به‌رچاوی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه له ناوچه‌یه‌كی بیابانی نزیك سه‌ربازگه‌یه‌كی سوپا له ده‌وروبه‌ری به‌غدا له‌ناوبرا.
وه‌زیری ته‌ندرووستی عێراق، ساڵح ئه‌لحه‌سناوی رایگه‌یاند، بڕی مادده هۆشبه‌ره‌كه 5 تۆن و 900 كیلۆگرام بووه.
گوتیشی: ئه‌و مادده‌یه به‌ر له چه‌ند ساڵێك له ده‌روازه سنوورییه‌كانی عێراق ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
وه‌زیری ته‌ندرووستی گوتیشی: له 2009ه‌وه تا ئێستا پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌م قه‌باره‌یه جێبه‌جێ نه‌كراوه.
مادده هۆشبه‌ره‌كه خرایه چاڵێكه‌وه و نه‌وتی پێدا كرا و ئاگری تێبه‌ردرا.
ئه‌و مادده هۆشبه‌ره‌ی له‌ناوبرا، پێكهاتبوو له 54 ملیۆن ده‌نكه حه‌بی هۆشبه‌ر، 5 ملیۆن ده‌نكه حه‌بی كه‌بتاگۆن، 350 كیلۆگرام كۆكایین.
له 2009ه‌وه ئه‌و مادده هۆشبه‌ره له كۆگاكانی فه‌رمانگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری هه‌ڵگیرابوو.
سوهه‌یب ده‌حام، جێگری سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ره‌سافه و سه‌رۆكی لیژنه‌ی له‌ناوبردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر ئاماده‌ی پرۆسه‌كه بوو.
ئه‌و گوتیشی: چه‌ند ساڵی رابردوو، ئه‌و مادده هۆشبه‌ره له ئاگرگه‌ی پزیشكی دادوه‌ری نه‌سووتێنرابوو، چونكه ئاگرگه‌كه نه‌ده‌شیا بۆ سووتاندنی ئه‌و بڕه مادده هۆشبه‌ره.
روونیشیكرده‌وه، زۆربه‌ی ئه‌و مادده هۆشبه‌ره له ئێران و لوبنان و سووریاوه هاتبووه ناو عێراقه‌وه.
له چه‌ند ساڵی رابردوودا، عێراق رووبه‌ڕووی شه‌پۆلێكی مه‌ترسیداری بازرگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ر بووه‌ته‌وه. به تایبه‌تی له ناوچه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و ناوچه سنوورییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران، كه بوونه‌ته رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ بازرگانیكردن و به قاچاغهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، به تایبه‌تی كریستاڵ.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (18ـی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2022)، ئاژانسی هه‌واڵگری و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیتیحادی له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق رایگه‌یاند، 5 بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ریان ده‌ستگیر كردووه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئاژانسه‌كه روونیكردووه‌ته‌وه، ئه‌و كه‌سانه دوانیان له دیوانیه ده‌ستگیر كراون و دوو كیلۆگرام مادده‌ی كریستاڵ و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ده‌مانچه‌یه‌ك و 4 نارنجۆكی ده‌ستی و كڵاشینكۆفێك و دووربینی شه‌و و چه‌قۆیان پێ گیراوه.
هه‌روه‌ها ئاشكراشیكرد، له پارێزگای نه‌جه‌فی باشووری عیراقیش 3 كه‌س گیراون، كه بڕێك مادده‌ی كریستاڵ و حه‌بی هۆشبه‌ر و مادده‌ی دیكه‌ی قه‌ده‌غه‌كراویان پێ بووه، هه‌روه‌ها 3 چه‌كی كڵاشینكۆف و 4 ده‌مانجه و ژماره‌یه‌ك فیشه‌كی كڵاشینكۆفیان پێبووه.
هه‌روه‌ها به‌ڕێوبه‌ری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر له وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ماوه‌ی رابردوودا رایگه‌یاندبوو، پارێزگاكانی به‌سره و میسان یه‌كه‌من له به قاچاغ بردنی مادده‌ی هۆشبه‌ر و بڵاوكردنه‌وه‌ی له پارێزگاكانی باشووری عێراق.
گوتیشی: پارێزگاكانی خۆرئاوای عێراق، له سووریاوه حه‌بی كه‌بتاگۆنیان به قاچاغ بۆ ده‌هێنرێت، به تایبه‌تی له ده‌روازه‌كانی سنووری پارێزگای ئه‌نباره‌وه.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس