هۆکارەکانی دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی ئێرانی

K24- هەولێر

لە پاش سێ مانگ ناسەقامگیریی سیاسی و خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە دەیان شاری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهای دراوی ئێران گەیشتە کەمترین ئاستی خۆی لە مێژووی ئەم وڵاتە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، (١٧ـی کانوونی یەکەم) بەهای یەک دۆلار لە بازاڕی دراوی ئێران گەیشتە 39500 تمەن و ئەمەش نوێترین ژمارەی پێوانەیی بوو لە درێژەی ئەم ژمارە پێوانەییانەی لە سێ مانگی رابردوودا تۆمار کراوە.

بەر لە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان، بەهای یەک دۆلار لە بازاڕی ئێران 28 هەزار تمەن بوو.

عەلی ساڵح ئابادی، سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، نائارامییەکانی ئەم دواییەی کاریگەرییان لەسەر دابەزینی بەهای دراوی ئیران هەبووە. ئەو گوتیشی: بەرزبوونەوەی سووی بانکی لە 90٪ـی وڵاتانی دنیا و هەروەها هەڵکشان و داکشانی وەرزانە، دوو هۆکاری دیکەی ناسەقامگیریی بازاڕی دراوی ئێرانن.

هەڵبەت شارەزایانی ئابووری لە ئێران بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە. کامەران نەدری، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئیمام سادق لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەراروو، باس لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی دەکات. ئەو دەڵێت: سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەت، کورتهێنانی بودجە، قەرزکردنی حکوومەت لە بانکی ناوەندی، ناسەقامگیر بوونی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێرانی بە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە زانیوە.

لەلایەکی دیکەوە حسێن راغفەر، مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئەلزەهرا بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی راگەیاندووە: بە دڵنیاییەوە حکوومەت هۆکاری دابەزینی بەهاری دراوی ئیرانە، لەبەر ئەوەی دەیهەوێت بە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار کورتهێنانی بودجە قەرەبوو بکاتەوە.

راغفەر، بە ئاماژەکردن بەوەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی کۆنترۆڵی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی بەهای دراوی نیشتمانیی وەک هێڵە سوورەکانی خۆی دیاری کردبوو، جەختی کردووەتەوە کە حکوومەت توانایی بەڕێوەبردنی وڵات و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەماوە.