لە کارگەیەکی دروستکردنی چیپس دەست بەسەر ٥٠٠ تۆن پەتاتەدا دەگیرێت

"ئەگەر چیپس لەو پەتاتانە دروستکرابێت، زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت"
بەشێک لەو پەتاتانەی لەناو کارگەکەدا دەستیان بەسەرداگیراوە
بەشێک لەو پەتاتانەی لەناو کارگەکەدا دەستیان بەسەرداگیراوە

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر و چاودێری بازرگانیی هەولێر، لە کارگەیەکی دروستکردنی چیپس لە نزیک شارەدێی قوشتەپە، دەستیان بەسەر نزیکەی ٥٠٠ تۆن پەتاتەی خراپبوودا گرت.

بە پێی لێدوانی پێشەوا فایق، ئەندامی تیمی چاودێری بازرگانیی هەولێر، کاتێک سەردانی کارگەکەیان کردووە، بۆیان دەرکەوتووە "بڕێکی زۆر" پەتاتەی تێکچوو لەناو کارگەکەدا هەیە.

ئەو بە کوردستان٢٤ دەڵێت: ٤٦٥ تۆن پەتاتەی تێکچوو لەناو کارگەکەدا هەیە و بێگومان لە ئەگەری بەکارهێنانی و دروستکردنی چیپس لێی، زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

پێشەوا فایق، لە بەڕێوەبەرانی کارگەکەی بیستووە کە ئەوان چیپسیان لەو پەتاتانە دروستنەکردووە، بەڵام ئەو دووپاتیدەکاتەوە: ناکرێت پشت بە قسەی ئەوان ببەستین و پێویستە لیژنەی وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاری لەسەر ئەوە بدات کە پەتاتەکان جیا بکرێنەوە یان بەتەواوی لەناو ببردرێن.

ئەو ئاشکراشیکرد، "لەو پەتاتەیە چیپس دروستکراوە، بەڵام ئێستا کاری کارگەکەمان راگرتووە".