دادگەی باڵای سوید داواکارییەکی ئەردۆغان رەتدەکاتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا

K24 - هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای رادەستکردنەوەی رۆژنامەنووسێکی تورک لە سوید دەکات و دادگەی باڵای سویدیش داواکارییەکەی رەتدەکاتەوە.

بولنت کەنیش، سەرنووسەری رۆژنامەی "زەمان"ـی تورکی، ئەو رۆژنامەنووسەیە کە ئەردۆغان داوای رادەستکردنەوەی لە سوید دەکات.

دادگەی باڵای سوید ئاماژەی بەوەدا، "چەندین بەربەست هەن" لەبەردەم رادەستکردنەوەی بولنت کەنیش، کە ئەنقەرە بە تێوەگلان لە "هەوڵی کودەتا"ـکەی ساڵی 2016 تۆمەتباری دەکات.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو رۆژنامەنووسە وەک پەنابەرێکی سیاسی لە سوید نیشتەجێیە.

لە مانگی حوزەیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆکراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا، دوای ئەوە هات کە هەردوو وڵات داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کردبوو، تورکیاش ببوو بە ئاستەنگ لەبەردەم داواکەیان.