ئارجەنتین سوودە ئابوورییەکانی مۆندیال دەچنێتەوە

K24 - هەولێر

گەورەترین پاڵەوانێتی وەرزشی جیهان کە مۆندیالە دەتوانێت گەشەی ئابووری بەرزبکاتەوە، گەورە ئابووریناسی جیهانی مارکۆ مێلۆ، لە توێژینەوەیەکیدا دەڵێت: تەنها گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی دەتوانێت هەناردەکردن زیاد بکات و بازرگانی هەمەچەشن بکات، بۆ ئارجەنتینیش کە براوەی مۆندیال بوو بەشێک دەبێت لە بوژانەوەی ئابووریەکەی.

دوای سەرکەوتنەکەی ئارجەنتین بەسەر هەڵبژاردەی فەرەنسادا، بووە براوەی مۆندیالی 2022 قەتەر، جگە لە تۆمارکردنی مێژوو دڵخۆشی ملیۆنان ئارجەنتینی و هاندەرانی لێکەوتەوە، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت ئابووری ناوخۆی ئارجەنتینیش ببوژێتەوە، هەروەها بەرهەمی گشتی ناوخۆیی ئەو گەشەسەندنە تۆمار بکات، کە لە چاوەڕوانییەکان زیاترە، لە کاتێکدا کە هەموو جیهان بەهۆی قەیرانی هەڵاوسان و گرانی نرخەکانەوە بەدەست کێشەی ئابووری گەورەوە دەناڵێنێت.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، ئارجەنتین دوای سەرکەوتنی بەسەر فەرەنسادا، سوودی ئابووری گەورە دەچنێتەوە.

ئاژانسەکە بە پشت بەستن توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی مارکۆ مێلۆ، ئابووریناس نوسیویەتی "زۆرجار پاڵەوانانی تۆپی پێی جیهان لە دوو چارەکی دوای پاڵەوانێتییەکەدا، بە رێژەی 0.25 خاڵ  گەشەی ئابووری زیاد دەکەن".

مێلۆ، دەشڵێت "ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی هەناردەکردن، چونکە براوە پەیوەندیە نیودەڵەتییە بازرگانیەکانی زیاد دەکات"، نموونەی بەرازیلی هێناوەتەوە دوای بردنەوەی لە مۆندیالی  2002.

ئابووری ئارجەنتین لە ئابووری فەرەنسا باشترە، ئەمەش وایکردووە کە بتوانێت زیاتر سوودی لێببینێت و هەناردەکردن بەرزبکاتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئابووری گشتیی وڵاتەکەی زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا دوای بردنەوەی مۆندیال بەرزبکاتەوە.

هەروەها توێژینەوەیەکی ساڵی 2014 دەریخستووە، کە سەرکەوتن لە گەورەترین پاڵەوانێتی وەرزشی جیهان دەتوانێت گەشەی ئابووری بەرز بکاتەوە، و تەنها گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی دەتوانێت هەناردەکردن زیاد بکات و بازرگانی هەمەچەشن بکات، بۆئەوەش ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە براوەی قۆناغی سێ و چوارەم بوون.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات "پاشخانی ئابووری بۆ فەرەنسا و بۆ ئارجەنتین هاندەر نییە"، بەو پێیەی فەرەنسا بەدەست قەیرانی وزە و شەپۆلی مانگرتنەوە دەناڵێنێت، هاوکاتیش رێژەی هەڵاوسان لە ئارجەنتین نزیکە لە %100، و بەدەست وشکەساڵییەکەوە دەناڵێنێت کە مەترسی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی بەروبوومەکانی هەیە بۆ ساڵی داهاتوو.

مارکۆ مێلۆ ئاماژەی بەوەشداوە، مێژوو ئەوە پیشان دەدات کە کێشە ئابوورییەکانی پێشووتر دەتوانن خۆشیەکانی مۆندیال کەمبکاتەوە و لە دەستکەوتەکانی کەمبکاتەوە.