ریكۆرده‌ سه‌رسوڕهێنه‌كانی مباپێ له‌ مۆندیالی 2022

كلیان مباپێ هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا
كلیان مباپێ هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا

دوای تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022ـی قەتەر بەرامبەر ئارجێنتینا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا مباپێ وەك ئەفسانەیەك ناوی خۆی لە مێژوو تۆمارکرد.

مباپێ دووەم یاریزانە لە مێژووی مۆندیال لە یاری کۆتایی هاتریك تۆماربکات،  پێشتر جێف هێرست-ی ئینگلیزی لە مۆندیالی 1966 لە یاری کۆتایی هاتریکی بەرامبەر ئەڵمانیا تۆمارکردبوو، کە لەو ساڵەدا ئینگلتەرا بۆ یەکەمجار بووە پاڵەوانی جامی جیهانی.

بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ، مباپێ یەکەم یاریزانە لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیال ئەو کارە بکات، کە لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2018 گۆڵێکی بەرامبەر کرواتیا تۆمارکرد و لە مۆندیالی 2022 بەرامبەر ئەرجەنتین سێ گۆڵی تۆمارکرد.

مباپێ بچوکترین یاریزانە بتوانێت 10 گۆڵ لە مۆندیال تۆماربکات لە تەمەنی 23 ساڵ و 363 رۆژ.

دوای تۆمارکردنی هەشت گۆڵ لە مۆندیالی 2022 مباپێ توانی ژمارەی پێوانەیی گۆڵ تۆمارکردن لەگەڵ پێلێ ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل یەکسان بکاتەوە بە 12 گۆڵ.

لە مێژووی مۆندیال میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی پێشەنگی گۆڵکارانی گرتووە بە 16 گۆڵ و رۆناڵدۆی بەرازیل 15 گۆڵی هەیە و بە پلەی دووەم دێت، پاشان گێرد مۆلەری ئەڵمانیش 14 گۆڵی هەیە و پلەی سێیەمی گرتووە، لیۆنێل مێسیش توانی ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ ئەفسانەی فەرەنسی جاست فۆنتين یەکسان بکاتەوە بە 13 گۆڵ و بێتە ریزبەندی چوارەم گۆڵکاری مۆندیال، مباپێ بە هاوبەشی لەگەڵ پێلێ لە پلەی پێنجەم دێن و هەریەکەیان 12 گۆڵیان هەیە.