ریشی سووناك له دژی ئێران هاته دهنگ

K24 – ههولێر:
لهبارهی ناردنی فڕۆكه و چهك لهلایهن ئێرانهوه بۆ رووسیا، ریشی سووناك سهرۆكوهزیرانی بهریتانیا، ئاشكرایدهكات، دهبێت بەهێزەوە رێگری لەم هاوکارییانه بکەین و لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم کارە بکەین.
ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، دۆسییهی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران دەبەینە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێگری لە هەناردەی درۆن و چەکی ئێرانی دەکەین بۆ رووسیا.
سووناک لە سێیەم کۆبوونەوەی وڵاتانی ژێف راشیگهیاند، داواکاری تاکلایەنەی رووسیا بۆ ئاگربەست هەڵەیە و ئامانجی رووسیا ئەوەیە هێزەکانی خۆی رێکبخاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ههروهها گوتی: "دەبێ دڵنیابینەوە لەوەی هاوکاریی سەربازی زیاتر رەوانەی ئۆکرانیا بکەین، بەشێوەیەک وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی ئۆکرانیا بن لە شەڕی دژ به رووسیا، واتە سیستهمی بەرگری مووشەکی زیاتر و چەک و ئۆتۆمبێلی سەربازی زیاتر به ئۆكرانیا بدهین".
سووناك گوتیشی: "هاوکارییەکانمان بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش بۆ ئۆكرانیا بۆ 2 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار زیادیكردووه".
لهبارهی راگرتنی شهڕ له ئۆكرانیا، سووناك دهڵێت: "داواکاری تاکلایەنەی رووسیا بۆ ئاگربەست هەڵەیە و ئامانجی رووسیا ئەوەیە خۆی رێکبخاتەوە و هێزەکانی کۆبکاتەوە".
دووپاتیشیكردهوه، "پێویستە چاومان لەوە بێتو توانا سەربازییەکانی رووسیا کەمبکەینەوە و رێگری لەوەبکەین رووسیا خۆی کۆبکاتەوە و رێگریش لهوهش بكهین هاوکاری نێودەوڵەتی به رووسیا بگات، بەتایبەتی من بیر لەو چەکە دەکەمەوە ئێران دەیداتە رووسیا، دەبێ بەیەک دەنگ و بەهێزەوە رێگری لەم هاوکارییانه بکەین و لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم کارە بکەین."