پوتن له‌ بیلارووسیا ئه‌م داوایه‌ له‌ لۆكاشینكۆ ده‌كات

پوتن له‌ بێلارووسیایه‌
پوتن له‌ بێلارووسیایه‌

K24 – هه‌ولێر:‌

چەند کاتژمێرێك دوای هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر کیێڤ، ڤلادیمێر پوتن سه‌رۆكی رووسیا، سەردانی بیلارووسیای هاوپەیمانی کرد و لەلایەن هاوتاکەی لە فڕۆکەخانەی مینسکی پایتەخت پێشوازی لێکرا.

ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا بیلارووسیەکەی گوتی: "وڵاته‌کەی ئامادەیە بۆ بەرەو پێشبردنی پڕۆژەی ئەتۆمی لە بیلارووسیا و کەسانی پسپۆریشی بۆ ئامادە دەکات، هەروەها کار لەسەر گەشەپێدانی پڕۆژەی غازی سرووشتی دەکەن.

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵاتەکە گەیشتووەتە 31 ملیار دۆلار و تا کۆتایی ساڵ 40 ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.

ئەلیکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بیلارووسیا کە بە هاوپەیمانێكی نزیکی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی رووسیا دادەنرێت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵەکانی دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت دووبارە ناکەینەوە، سەرەڕای سزاکان کار لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەکەین.

هەروەها داوایکرد، یەکێتی ئەوروپا بە شێوازێکی ئاقڵانە بڕیاربدات، جەختیشی کردەوە دەرگاکانی مینسک و مۆسکۆ بۆ گفتوگۆ کراوەن.

لۆکاشێنکۆ پێش سەردانەکەی سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکدا ئاشکرایکرد، لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی گفتوگۆ لەسەر دۆخی سەربازی و سیاسی ناوچەکە و هاوکارییە ئابورییەکانی نێوانییان دەکەن.

بیلارووسیا ئێستا بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە جەنگەکە بەشداری نەکردووە و سوپای وڵاتەکە هێرشی نەکردووەتە سەر ئۆکرانیا، بەڵام رێگەی داوه‌ سوپای رووسیا وڵاتەکە بۆ هەستانی فڕۆکەی جەنگی و ناردنی دەیان هەزار سەرباز بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاربهێنێت.

لە دوای 2019، بۆ یەکەمجارە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا سەردانی بیلارووسیا بکات و گومان دەکرێت داوا لە بیلارووسیا بکات لە جەنگی ئۆکرانیا بەشداربێت و هێرشی زەمینی دەستپێبکات.

دمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کریملن رایگەیاند، مینسک نزیکترین هاوپەیمانی مۆسکۆیە، بەڵام هەواڵی بەشداریکردنی بیلارووسیا لەو جەنگە بە بێ بنەما و گێچەڵکردن وەسفکرد.

هەروەها ڤۆلۆدیمێر زیلێنکسی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بەرەنگاری هێرشی رووسیا و بیلارووسیا ببێتەوە.