پێشنیاز دەکرێت ڤاکسینی فایزەر بۆ منداڵانی ساوا بەکاربهێندرێت

فایزەر
فایزەر

K24 - هەولێر

دامەزراوەی تەندروستیی فەرەنسا (HAS) پێشنیازی کردووە، ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتێک بە شێوەیەک فراوان بکرێت، کە لە منداڵی ساوای تەمەن شەش مانگەوە تاکو چوار ساڵان کە لەژێر مەترسیدان، بگرێتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی فرانس ئینفۆ، دامەزراوەی تەندروستیی فەرەنسا (HAS) پێشنیازێکی سەبارەت بە بەکارهێنانی ڤاکسینی فایزەر-بایۆنتێک، لەو حاڵەتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە قورسی دەردەکەوێت و مەترسی مردنی لەسەرە پێشکەش کردووە.

بۆ یەکەم جار لە فەرەنسا، دامەزراوەکە پێشنیازی ئەوەی کرد کە ڤاکسین بە منداڵانی ساوا و ئەو منداڵانە بدرێت کە تەمەنیان لەنێوان شەش مانگ بۆ چوار ساڵ دەبێت و لە گرووپی ژێر مەترسیدان و داوای ئەوەی کرد کە ڤاکسین بدرێت بە منداڵانی نێو ئەم گرووپی تەمەنە، ئەو منداڵانەی کە لە چواردەوری ئەو کەسانەن کە بەرگریی لەشیان لاوازە و وەڵامی ڤاکسینەکە نادەنەوە.

بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی راگەیەندراو لە وڵاتەکە، 37 هەزار و 264 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا دەستنیشان کراوە و لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوودا 551 کەس بە نەخۆشییەکە گیانیان لە دەستداوە.

لە فەرەنسا، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تا ئێستا 160 هەزار و 359 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 54 ملیۆن و 619 هەزار و 988 کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە.